پلاسخارت و حیزبەكان، هەڵبژاردن و مەترسییەكانی سەر هەرێمیان تاوتوێ كرد

26-05-2022 10:28

پەرەگراف

لە هەولێر، جێنین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، لەگەڵ شەش لایەنی سیاسیی هەرێم كۆبووەوە و هەڵبژاردن و مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد.

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری، پاش بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكە، ڕایگەیاند "پێویستە هەڵبژاردنی هەرێم لە كاتی خۆیدا و دوور لە فشار و‌ دەستتێوەردانی حیزب ئەنجام بدرێت".

سەرۆكی كۆمەڵ جەخت دەكاتەوە "ناكرێت دۆخی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە بەردەوام بێت. دەبێت بارودۆخی خەڵك چاك بكرێت و سەرجەم مافە سەرەتاییەكانیان دابین بكرێت".

هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ دوای كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند، ڕاشكاوانە بۆچوونەكانیان خستوەتەڕوو و داوایان كردووە "هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، بە هەمواركردنی یاساكەی و دادوەری سەربەخۆ سەرپەرشتی پڕۆسەكە بكات".

هاوكات سەلاحەدین بابەكر، سەرۆكی شاندی یەكگرتوو، لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند، بە ڕوونی باسی كێشە و مەترسییەكانی سەر هەرێم كرا و داوا كرا زۆنی زەرد و سەوز نەمێنێ، چارەسەری گرفتەكان بكرێت لەپێناو ڕەواندنەوەی مەترسییەكان و هەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجام بدرێ و نەتەوەیەكگرتووەكان سەرپەرشتیی بكات.

لە كۆبوونەوەكەدا هیچ بڕیارێك نەدراوە و پلاسخارت هەوڵی لێكنزیككردنەوەی لایەنەكانی داوە، ڕێككەوتوون كە كۆبوونەوەیەكی دیكە بكرێت بە مەبەستی بڕیاردان.

ماڵپەڕی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق لەبارەی كۆبوونەوەكەوە دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی كە وا بڕیارە لە ١ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢دا هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، كۆبوونەوەكە دەرفەتێكی لە كاتی خۆیدای ڕەخساند بۆ لایەنەكان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە جیاوازەكان، لەوانە پێویستیی دووركەوتنەوە لە سیاسەتی جیاكارییانە و ڕێكردن بەرەو هەڵبژاردنێكی باوەڕپێكراو و شەفاف. خزمەتكردنی‌ بەرژەوەندی گەلانی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكانی ئەمڕۆدا تەوەری سەرەكی بوو".

هەروەها هاتووە "جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق و بەرپرسی یونامی، سوپاسی لایەنەكانی كرد بۆ بەشداریكردن و داوای بەردەوامبوون و چڕتركردنی هەوڵەكانی كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە زۆرانەی كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە".