هەپەگە: بەرپرس و میدیاكانی پارتی هەوڵیان دا ڕووداوەكەی بامەڕنێ‌ بیخەنە ئەستۆی گەریلا

27-05-2022 02:53

پەرەگراف

هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ڕایدەگەیەنێت كە گیانلەدەستدانی دوو منداڵەكەی بامەڕنێ‌ بەهۆی "هێریشی توركیا"وە بووە و "هەندێك لە بەرپرسان و میدیاكانی پارتی هەوڵیان داوە بیخەنە ئەستۆی گەریلا". دەشڵێت "پارتی بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە بەشداریكردنی شەڕ لەگەڵ توركیا بدات، هەندێك پیلانی چەپەڵ جێبەجێ‌ دەكات".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە ڕووداوەكەی دوێنێی بامەڕنێ بڵاو كردەوە كە تێیدت هاتووە "لە شارەدێی بامەڕنێ لە دەڤەری ئامێدی، لەئەنجامی هێرشێكی دەوڵەتی داگیركەری تورك دوو منداڵ شەهید بوون كە لەگەڵ خێزانەكانیاندا لە گەشتدا بوون".

هەپەگە دەڵێت "هەندێك لە بەرپرسان و میدیاكانی پەدەكە، هەوڵیاندا ئەو ڕووداوە بخەنە ئەستۆی هێزەكانی گەریلامان و ئێمەی پێ تۆمەتبار بكەن، ئەم هەوڵە ترسی ئەوانە لە ناڕەزایەتیی خەڵكی خاوەن ماف لە دژیان، بەڵام گەلەكەمان چونكە ڕاستیی بە چاوی خۆی بینیوە و دەزانێت، بڕوا بەم تۆمەتانە ناكات".

هێزەكانی پاراستنی گەل، پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "هەمیشە ڕەوایەتی دەدات بە كۆمەڵكوژیی دووژمن لەسەر گەلەكەمان" و دەڵێت "پێویستە دەست لەم هەڵوێستە هەڵەیەی هەڵگرێت".

”لەم كاتەدا كە سوپای تورك تەنگەتاو بووە و لە بەرلێواری تێكشكانە، جموجوڵی لەم شێوەیەی هێزەكانی پەدەكە و بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆی میدیای پەدەكە، ئاشكرایە كە بۆ چییە. بانگ لە پەدەكە دەكەین كە دەست لەم هەڵوێستە هەڵەیە هەڵبگرێت و زیان بە گەلی كوردستان و بە تایبەتی باشووری كوردستان نەگەیەنێت"، هەپەگە وا دەڵێت.

شەوی ڕابردوو دژەتیرۆری كوردستانی نزیك لە پارتی، ڕایگەیاند "بەپێی زانیارییەكانمان ئێوارەی ئەمڕۆ پەكەكە دوو مووشەك ئاراستەی گوندی ئەرەدنای سەر بە ناحیەی بامەڕنێی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك دەكەن، بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی شەهید بوون و دوو هاووڵاتیی دیكەش بریندارن". هاوكات بەشێك لە میدیاكانی پارتی ڕووداوەكەیان بە هێرشی پەكەكە ناو برد.