دیداری یەكێتی لە سلێمانی؛ بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆك ناسێندرا و دەڵێت: دەمانەوێت ببین بە حیزبی یەكەم

28-05-2022 02:25

پەرەگراف

دیداری یەكێتی لە سلێمانی دەستی پێ‌ كرد و تێیدا بافڵ تاڵەبانی وەكوو "سەرۆكی یەكێتی" ناسێندرا. بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "ناگەڕێینەوە بۆ پێش 8ی تەمووز. ئێمە دەمانەوێت هەڵبژاردنێك بكەین كە باڵانسی هێز لە كوردستان ڕاست بكەینەوە و ببین بە حیزبی یەكەم".

لە سەرەتای دیدارەكەدا، قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی، وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا وتی "ئەوەی لە دیداری یەكێتیدا دەمانەوێ بیكەین، تەواوكردنی كارەكانی كۆنگرەیە و پێویستە داڕشتنێكی ڕاستگۆیانە بۆ سیاسەتی حیزبەكەمان بكەین".

قوباد تاڵەبانی لەبارەی ڕووداوە ناوخۆییەكانی دوای كۆنگرەی یەكێتی و دوورخستنەوەی لاهوور شێخ جەنگی، وتی "لە دوای كۆنگرە هەوڵ درا سەرۆكی حیزبەكەمان بكوژرێت". هەروەها لە وەسفی براكەیدا وتی "بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، توانیمان ئارامی بۆ نێو حیزب بگەرێنینەوە".

دواتر بافڵ تاڵەبانی كە ئەمڕۆ وەكوو سەرۆكی یەكێتی ناسێندرا، لە پانێلێكی دیدارەكەدا بەشداریی كرد و بۆچوونی یەكێتیی سەبارەت بە پرسە جیاوازەكان خستە ڕوو.

بافڵ تاڵەبانی وتی "بە خوێنی تازە و ئەزموونی كادیرە دێرینەكانمان، دەتوانین یەكێتی باشتر ببەینە پێشەوە".

سەبارەت بەوەی ڕەخنەی حیزبەكان لە حكومەت، سەرۆكی یەكێتی وتی"ڕەنگە زۆربەی حیزبەكان جگە لە یەك یان دوو حیزب، ڕازی نەبن بە جۆری حوكمڕانی لەم وڵاتە. داوایان لێ‌ دەكەم چەترێك دروست بكەین كە بتوانین گۆڕانكاریی ڕاستەقینە لە حوكمڕانیی كوردستاندا بكەین".

دەربارەی مانەوەی یەكێتی لە حكومەتدا سەرباری ئەو ڕەخنانەی كە هەیەتی، بافڵ تاڵەبانی وتی "گلەییمان هەیە لە حكومەت، بەڵام لە ژوورەوە دەتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین، لە دەرەوەی حكومەت ناتوانین".

سەرۆكی یەكێتی قسەی لەسەر هاوپەیمانێتییەكەی پارتی لەگەڵ سەدر و سوننەكان كرد و وتی "درەنگ بە ڕێككەوتنەكەمان زانی، دەشمانتوانی واژووی بكەین و بەشێك بین لێی، بەڵام نەمان كرد و بەو جۆرە نایكەین".

"مەسەلە سەرۆككۆمار نییە، مەسەلە ئەوەیە پێمان وایە هەڵەیەكی ستراتیژییە ببینە بەشێك لە كێشەی نێوان برا شیعە و سوننەكانمان. جگە لەوەش ئەو ڕێككەوتنە هیچی تیا نەبوو بۆ كوردستان باش بێت، نە باسی پێشمەرگە، نە باسی مووچە، نە باسی كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان كراوە"، بافڵ تاڵەبانی وای وت

سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەش كرد كە حیزبەكەی پێش ئەوەی بچین بۆ بەغدا، لەگەڵ پارتی كاغەزێكیان ئامادە كردبوو لە 22 خاڵ پێكهاتووە، زۆر شتی بۆ كورد تێدا بووە، "بەڵام بەداخەوە لایەكی كورد ئەوەی ئیهمال كرد و چوو كاغەزێكی واژوو كرد كە قیمەتی ئەوەی نەبوو".

سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمیش، بافڵ تاڵەبانی وتی "من لە سیاسەت و سیستەمی نەوت لە كوردستان ڕازی نیم. نزیكەی لەسەدا 60ی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكان دەچێت. پرسیاری من ئەوەیە: ئایا ئێمە نەوت بۆ دەوڵەمەندكردنی كۆمپانیاكان دەردەهێنین، یان بۆ خزمەتی خەڵكی خۆمان؟".

لەسەر هەناردەكردنی غازیش كە پێشتر بافڵ تاڵەبانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كونسووڵی وڵاتان وتی "مەگەر بۆریی غاز بەسەر لاشەی مندا بڕواتگ"، ئەمڕۆ وتی "كوردستان هەر غازی ماوە، دەبێت سیاسەتەكەمان دروست بكەینەوە و خەڵكی كوردستان سوود لەو غازە ببینێت، ئێمە دژی هەناردەكردنی نیین بۆ ئەورووپا. ئەگەر هەر لایەنێك بیەوێت بە جۆرێكی دیكە ئەم غازە بەكار بهێنرێت، من ئەو قسەیە دووبارە دەكەمەوە".