سەلاحەدین بەهادین: یەكگرتوو خۆی بە بەدیلی پارتی و یەكێتی نازانێت

28-05-2022 05:02

پەرەگراف

ئەمینداری یەكگرتوو دەڵێت، خۆیان بە بەدیلی پارتی و یەكێتی نازانن، ڕەخنەش لە خەڵك دەگرێت كە دەنگ بە حیزبەكەی نادەن و ناچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان.

پاش گەڕانەوەی لە بەغدا، سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەكگرتوو، سەبارەت بە خراپیی حوكمڕانی لە كوردستان و بەدیلبوونی ئۆپۆزسیۆن، ڕایگەیاند، یەكگرتوو خۆی بەبەدیل نازانێت چونكە ژمارەی دەنگەكانی و واقیعەكە وای پێ ناڵێت.

ئەمینداری یەكگرتوو وتی "میللەتەكە بە شێوەیەكە لە ماوەڵەوە قاچ دەكەن بە ئاسماندا و دەخەون، ناچن دەنگ بدەن، دواتریش گلەیی لە ئێمە دەكەن".

ئەمینداری یەكگرتوو كە چەند ڕۆژێك بە سەردانێك لە بەغدا بوو و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومی و سەركردەی حیزبەكان كۆبووەوە، ڕایگەیاند "لە كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی داوامان كردوو هەڵەكان لە حكومڕانی نەبێتە هۆكار بۆ سزادانی گەلی كورد، دەبێت مەسەلەی نەوت و غاز جیابكرێتەوە لە ئەدای حكومەتی هەرێم و كێشەی گرێبەستەكان".
سەبارەت بە كێشەی سەرۆككۆماریش، سەلاحەدین بەهادین وتی "ئەو پۆستە پشكی هەموو كوردە و دەبێت ڕای هەمووانی لەسەر بێت و بە ڕێككەوتن دیاری بكرێت".