كەشناسیی عێراق دەربارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا هۆشداریی دەدات

28-05-2022 05:11

پەرەگراف

كەشناسیی عێراق هۆشداری لەبارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دەدات و دەڵێت، ڕووبەڕووی سەختی و گرفت بوونەتەوە لە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانەی كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەبیانبوون دایان ڕشتووە.

عامر جابری، وتەبێژی كەشناسیی عێراق، ڕایگەیاند "لیژنەكانمان پرۆژەی ڕووبەڕووبوونەی بە بیابانبوونی ناوچەكە ئامادە دەكەن، بەڵام وەزارەتی كشتوكاڵ بە بەردەوامی دەڵێن كە پارەی پێویستمان لەبەردەستدا نییە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕووبەرە گەورە ئاوییانەی كە پێویستیانە".

لەبارەی خۆڵبارینەكانەوە، جابری دەڵێت "بە شێوەیەكی گشتی خۆڵبارینەكان پێشبینی ناكرێن، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانكراوە، ئەوەیە كە لە مانگی چوار و پێنجی هەرساڵێكدا بەهۆی گۆڕانكاری لە پاڵەپەستۆی هەوا و گۆڕانی وەرز، خۆڵبارین ڕوو لە عێراق دەكات".

ڕۆژی 26-5-2022، وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ عێراق ڕایگەیاند، فوئاد حسێن، وەزیری‌ دەرەوەی‌ عێراق، لەڕێی‌ پەیوەندییەكی‌ تەلەفۆنییەوە لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوللاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، گفتوگۆیان لەبارەی‌ گۆڕانكارییەكانی‌ كەشوهەوا لە ناوچەكە و خۆڵبارینەوە كردووە.

"هەردوولا گرنگترین ئەو ئاستەنگە ژینگەییانەیان خستووەتەڕوو كە ناوچەكە ڕووبەڕووی‌ دەبێـتەوە، لەوانەش: خۆڵبارین، وشكەساڵی‌، بەبیابانبوون و كەمهێنانی‌ جۆراوجۆریی بایۆلۆجی‌ و شێوازەكانی‌ ڕووبەڕووبوونەوەیان، لەپێناو دانانی‌ سنوورێك بۆ گۆڕانكارییە ژینگەییەكان و فەراهەمكردنی‌ ژینگەیەكی‌ تەندروست و لەبار بۆ مرۆڤەكان".

بەپێی‌ بەیاننامەكە، هەردوو وەزیرەكە ڕێكەوتوون لەسەر ئەنجامدانی‌ كۆبوونەوەی دوو شاندی‌ هونەریی هەردوولا لە بەغداد، بۆ توێژینەوە لەو ئاستەنگە ژینگەییانەی‌ ڕووبەڕووی‌ هەردوو وڵات دەبنەوە.