خۆپیشاندانی شۆفێرانی تاكسی لە سلێمانی دەستی پێ‌ كردەوە

29-05-2022 03:31

پەرەگراف

شۆفێرانی تاكسی لە بەرانبەر گرانبوونەوەی نرخی دەستیان بە خۆپیشاندان كردەوە و شەقامی بەردەم قائیمقامیەتی سلێمانییان داخست. ئەوان دەڵێن "تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان، لە ناڕەزایەتی بەردەوام دەبین".

نوێنەری شۆفێرانی تاكسی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داواكارییەكانیانی خستە ڕوو كە سەرەكیترینیان ئەوەیە "نرخی یەك لیتر بەنزین بكرێت بە 500 دینار و سنوورداركراو بێت".

لە پەنای ئەوەدا، داوا دەكەن "شەش بەنزینخانەی حكومی بكرێنەوە، ڕێگاكانی هاتوچۆ نۆژەن بكرێنەوە، باج و ڕسومات و سزای كامێرا لەسەر شۆفێرانی تاكسی كەم بكرێتەوە، شوێنی تایبەت بۆ وەستانی تاكسی لەناو شارەكاندا دابین بكرێت".

شۆفێرانی تاكسی جەخت دەكەنەوە "بە سەردانكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكان و گرتنی شەقامەكان، لە ناڕەزایەتی بەردەوام دەبین تا داواكارییەكانمان جێبەجێ دەكرێت".

شۆفێرێكی تاكسی بۆ پەرەگراف وتی "لە ڕۆژێكدا 30 هەزار پەیدا دەكەین، 20 هەزاری دەدەین بە بەنزین، جگە لە خەرجیی دیكەی سەیارەكە".