توركیا كوژرانی بەرپرسێكی باڵای پەكەكەی لە چەمچەماڵ ڕاگەیاند

02-06-2022 05:44
وێنەی محەمەد دۆغان و ئەو ئۆتۆمبێلەی لە هێرشەکەدا کرایە ئامانج

پەرەگراف

توركیا كوژرانی بەرپرسێكی باڵای پەكەكەی لە هێرشەكەی دوو هەفتە لەمەوبەری سەر گوندێكی چەمچەماڵ، ڕاگەیاند.

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە "دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای توركیا، ئۆپەراسیۆنێكی لە ناوچەی چەمچەماڵی سلێمانی لە باكووری عێراق، دژی پەكەكە ئەنجام داوە".

لە ئۆپەراسیۆنەكەدا "سەركردەیەكی پەكەكە بە ناوی دڵهاز گابار ناسراو بە (محەمەد دۆغان) كوژراوە، كە بەرپرسێكی باڵای هەپەگە بووە".

بەپێی میدیاكانی توركیا، محەمەد دۆغان، بەرپرسی میحوەری كەركووكی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بووە، كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە.

ئاماژە بەوەش كراوە كە محەمەد دۆغان ساڵی 1970 لە ناوچەی هێزێخ لە پارێزگای شرناخی باكووری كوردستان لەدایك بووە. ساڵی 1996 پەیوەندیی بە پەكەكەوە كردووە.

بەپێی میدیای توركیا، بەرپرسیارێتییەكانی پێشووی محەمەد دۆغان بەم شێوەیە بووە "ساڵی 2005 بەرپرسی لقی پەكەكە بووە لە سنووری ئێران. 2008 بەرپرسی لۆجستی بووە لە قەندیل. 2009 بەرپرسی بۆتانی پەكەكە بووە. 2017 لە زاپ بەرپرسی دامەزرێنەران بووە. 2018 بۆ 2020 بەرپرسی كەمپی مەخموور بووە".

هەروەها باس لەوە كراوە كە ئامانجی پەكەكە لە دانانی ئەو بەرپرسە باڵایەی لە كەركووك، ئەوە بووە كە گەنجان لە ڕیزەكانی خۆی بەڕێكخستن بكات و پێگەی سیاسیی خۆی بەهێز بكات.

ئامانجێكی دیكەی پەكەكەیش ئەوە بووە كە "ڕێڕەوی قەندیل-سلێمانی-شنگال لە ڕووی لۆجستییەوە بەبێ‌ پچڕان كۆنترۆڵ بكات".

بەیانیی 21-5-2022، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا لە گوندێكی سنووری ناحیەی ئاغجەلەر، ئۆتۆمبێلێكی كردە ئامانج و پێنج كەس گیانیان لەدەست دا.

هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆردوومانی گوندی توتەقەڵ_یان كردووە و ئۆتۆمبێلێكی جۆری تیۆتا پێكراوە كە پێنج سەرنشینی تێدا بووە، هەر پێنجیان گیانیان لەدەست داوە".

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر وتیشی "دەگوترێت سیان لە كوژراوەكان گەریلای پەكەكە و دوانیان هاووڵاتیی مەدەینن".

بە وتەی هێمن بەهجەت، ماوەیەكە دەنگۆی جموجووڵی گەریلاكانی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان لە سنوورەكە هەیە، بەڵام تا ئێستا دڵنیا نین كە ئەم قوربانییانە كێن.

گوندی توتەقەڵ دەكەوێتە بناری خاڵخاڵان لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و نزیكەی ٣٠ كیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی ئاغجەلەر دوورە.