پارێزگاری هەولێر: هاوینێکی سەختمان لەپێشەو کەمئاویی بەرۆکمان دەگرێت

04-06-2022 03:58

پەرەگراف

پارێزگاری هەولێر هۆشداریی دەدات لە هاوینێکی سەخت لەبارەی وشکەساڵی و کەمئاویی و دەڵێت، ژووری عەمەلیاتیان پێکهێناوەو بودجەیان بۆ تەرخان کراوە.

ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چەند مانگێکە هۆشداریی دەدەن هاوینێکی سەخت لە پێشیانە لەبارەی وشکەساڵی و ئاوی خواردنەوە، لە مانگی ١١ی ساڵی ڕابردووەوە ئامادەکارییان بۆ کردووە.

پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، هۆکاری یەکەم وەرزی هاوینەو دووەم کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە، هۆکاری سێیەم کەمیی کارەبای نیشتیمانییە کە کاریگەریی لەسەر بیرەکان دەبێت کە هەولێر بە تەواوەتیی پشتیان بە کارەبای نیشتمانی بەستووە، کاتێکیش کارەبا کەم دەبێت تۆڕەکانی ئاو بەتاڵ دەبن و بەو چەند کاتژمێرەی کارەبا دێتەوە تۆڕەکان پڕنابنەوە.

"لە هاویندا کێشە گەورەکە بەرۆکمان دەگرێت بۆ دابینکردنی ئاوی ماڵان، بۆ دەربازبوون لە گرفتەکانی ئاوی ئەمساڵ بودجەمان بۆ دانراوە بۆ لێدانی بیرو چارەسەرکردنی گرفتە تەکنیکییەکان".

هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکانی پارێزگاری هەولێر، پەرلەمانتارانیش هۆشداریی دەدەن لە قەیرانی کەمئاویی لە هاوینی ئەمساڵدا.

کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت، خەڵکی هەولێر لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی کەمئاویدان، " دانیشتوانی هەولێر ساڵانە دوو جار مەترسی خنكانیان هەیە، لە هاویندا بەهۆی نەبوونی ئاو، لە زستاندا بەهۆی لافاو! هێشتا سەرەتای وەرزی هاوینە لە بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی ناو شاری هەولێرودەوروبەری کێشەی نەبوونی ئاو سەری هەڵداوەو حکومەتیش بێ پلان وبەرنامە دەستەوەستانەو تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی پێ نیە".

"چەندین ساڵە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ وەستاوەو تەواو نەکراوە، کە ئەگەر ئەو پڕۆژەیە تەواو بکرێت تا ڕادەیەکی باش گرفتی کەم ئاوی لەهەولێر چارەسەر دەکات.. ئەگەر لەئێستادا هەرچیەک بڵێن وهەر بەڵێنێک بدەن بە خەڵک ناتوانن جێبەجێی بکەن، چونکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیرانی نەبوونی ئاوی خواردنەوە زیاتر دەبێت" سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ وادەڵێت.

هاوکات پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، دەڵێت "ئەم هاوینە خەڵک لە بێئاویدا دەخنکێت. یەک نمونە؛ دووجار ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ دۆسیەی ئاوی چەمچەماڵ یەکێکیان ٧ ملیار دینار لە ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ٧٠ ملیۆن دۆلاری ئەمساڵ، تا ئێستا نەک سەنتێک خەرجنەکراوە بچوکترین گرێبەستیش نەکراوە، ئەم هاوینە وابڕوات چەمچەماڵ بە سێ هەفتە یەک بۆ دوو کاتژمێر ئاوی دەبێت"

عەلی دەشڵێت "دۆسیەی ئاوی دەربەندیخان ١٠ ساڵە فەرمانی بۆ دەرچووە، لەم کابینەیەدا دووجار خۆم نووسراوم بۆ کردووە یەک سەنتی بۆ خەرج نەکراوە.. نیوەی هەولێر بێئاو دەبێت قوڵایی بیر گەیشتووەتە ٨٠٠ مەتر، بیری هەزار مەتریی چارەسەری ناکات بیری هەزار مەتریی لێبدەیت ١٠٠ بیری دیکە وشک دەکات".

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی پارێزگاری هەولێر لەبارەی کەمئاوی