لە دادگای فیدراڵییەوە کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی دەکرێت و بە 'یاخی لە دادگا' ناو دەبرێت

پەرەگراف
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی لە دادگای فیدراڵیی سکاڵایەکی تۆمار کردو داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، بەوپاساوەی پابەندی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نابێت تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم.
سکاڵاکە لەلایەن عالیە نسەیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا تۆمارکراوەو تێیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەزانێت و داوا دەکات، حیزبەکەیان بەپێی دەستوور و یاسای حیزبەکانی عێراق دووربخرێتەوە و هەڵبوەشێتەوە.
محەمەد مەجید ساعدی، پارێزەری ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، عالیە نسەیف جاسم لە داواکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ماددەی 94ی دەستووری عێراق هەمووان پابەند دەکات پابەندی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بن، بەڵام سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە هەردووکیان لە پارتی دیموکراتی کوردستانن، رەتیانکردووەتەوە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و پووچەڵکردنەوەی یاسای نەوت و گاز جێبەجێ بکەن، "ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە".
پارێزەرەکەی عالیە نسەیف دەشڵێت، لە سکاڵاکەدا پارتی بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تۆمەتبار کراوەو داوای دوورخستنەوە و هەڵوەشاندنەوەی کراوە، "هەروەها داوا کراوە کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستەکانی دیکەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن رەتبکرێنەوە."
بەپێی سکاڵانامەکە، عالیە نسەیف، پارتی دیموکراتی کوردستانی بە "یاخی" ناوبردووەو ئاماژەی بە یاسای حیزبەکانی عێراقی ساڵی 2015 کردووە کە لە ماددەی پێنجی ئەو یاسایەدا هاتووە: نابێت دامەزرێنەرانی حیزب و رێکخستنی سیاسی یان سەرکردەکانی یان ئەندامانی بە راشکاویی و ئاشکرا هیچ رەواجێک بەو بۆچوونانە بدەن، کە لەگەڵ حوکمەکانی دەستوور دژ بێت.
رۆژی 15ـى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یاسای نەوت و گازى هەرێمى کوردستانى بەپێچەوانەى دەستوور دانا، بەوەش کۆی پڕۆسەی نەوتی هەرێمی بە نایاسایی لە قەڵەمداو داوای کرد بخرێتە ژێردەستی بەغداوە، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەوەی رەت دەکاتەوەو دادگای فیدراڵی بە نادەستوریی لە قەڵەم دەدات.