یاداشتێكی 75 لاپەڕەیی بە واژووی 19 پەرلەمانتار بۆ پرساندنی وەزیری دارایی پێشكەش كرا

پەرەگراف
19 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان یاداشتێكیان بۆ پرساندنی وەزیری دارایی پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد و داوا دەكەن "لە زووترین كاتدا دانیشتنی لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی بەڕێوە بچێت".
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان وتی "تەوەرەكانی لێپرسینەوەكە بریتییە لە: نادیاریی كۆی داهاتی هەرێم و شاردنەوە و ئاشكرانەكردنی داتا و زانیارییەكان بۆ هاووڵاتیان و پەرلەمانی كوردستان، نادیاری و ئاشكرانەكردنی داهاتەكانی گومرگ و ڕسومات بەپێی یاسا، نادیاری و پێنەدانی زانیاری لەسەر خەرجییەكانی حكومەت".
هەروەها "نەگەڕانەوەی بەشێك لە داهاتەكان لە پارێزگاكانەوە بۆ خەزێنەی گشتی، بەردەوامیی وەرگرتنی پارە بە ڕێگەی نایاسایی لە خاڵە گومرگییەكان و بەردەوامیی قاچاخچێتی، نەبوونی یاسای بوودجە بۆ ساڵانی ڕابردوو"، تەوەرەكانی دیكەی پرساندنەكەن.
عومەر گوڵپی وتی "یاداشتەكە لە 75 لاپەڕە پێكهاتووە و بەڵگە و داتا و زانیاریی تەواوی تێدایە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە كرد كە "لە سێ ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی هەڵمان دا داهات و خەرجییەكان ئاشكرا بكەین، داهات بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، حكومەت یاسای بوودجە و ژمێرەی كۆتایی هەبێت، كۆتایی بە قاچاخچێتی و كۆمپانیاكاری لە خاڵە سنوورییەكان بهێنرێت، بەڵام بێ ئەنجام بوو".
وتیشی "سێ ساڵی كابینەی نۆیەم و پێنج ساڵی كابینەی هەشتەمیش یاسای بوودجە نەبووە".