پەرلەمانتارێکی کورد حکومەتی سویدی لە هەڵوەشانەوە ڕزگار کرد بە وەرگرتنی پەیمانی پشتیوانیی بۆ کورد
پەرەگراف
ئامینە کاکەباوە پەرلەمانتاری کورد لە سوید، حکومەتی ئەو وڵاتەی لە هەڵوەشانەوە ڕزگار کرد، ئەوەش بە مەرجی پشتیوانیی سوید بۆ کورد لە دژی هێرش و هەڕەشەکانی ئەردۆغان.
ئەمڕۆ پەرلەمانی سوید بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری داد کۆبووەوەو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، ئەگەر متمانە لەو وەزیرەی وەربگیرێتەوە ئەویش دەستلەکار دەکێشێتەوەو حکومەت هەڵدەوەشێتەوە.
سەندنەوەی متمانە لە وەزیری داد، ١٧٤ دەنگی بەدەستهێناو پێویستی بە یەک دەنگی دیکە هەبوو بۆ پەسەندکردن، ئەوەش لەسەر دەنگی ئامینە کاکەباوە وەستا، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەنگی بە متمانە سەندنەوەکە نەداو حکومەتی سویدی ڕزگار کرد.
مەرجی کاکەباوە بۆ حکومەتی سوید ئەوەبوو دژی تورکیا بوەستێتەوەو بەردەوامبێت لە پشتیوانیی کورد بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان، حکومەتی سویدیش بە مەرجەکەی ڕازی بووەو پەیمانی پشتیوانیی بە کاکەباوە داوە، ئەوەش ناکۆکییەکانی نێوان تورکیاو سوید تووندتر دەکات لە کاتێکدا ئەنقەرە بەربەستی سەرەکییە بۆئەوەی سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ.