ئامینە کاکەباوە: گرەنتیم لە حکومەتی سوید وەرگرتووە بۆ پشتیوانیی لە ڕۆژئاوا و یەپەگەو یەپەژە

08-06-2022 05:58

پەرەگراف

ئامینە کاکەباوە پەرلەمانتاری کورد لە سوید، دوای ئەوەی حکومەتی ئەو وڵاتەی لە هەڵوەشانەوە ڕزگار کرد، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، گرەنتیی لە حکومەتی سوید وەرگرتووە بۆ پشتیوانیی لە ڕۆژئاوای کوردستان و یەپەگەو یەپەژە.

کاکەباوە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت "دژی فاشیزم و دیکتاتۆرییەت و ئەوانەی خەڵکەکەمان دەکوژن و وڵاتمان داگیردەکەن هەرگیز بێدەنگ نابین. بەداخەوە وڵاتانی ئەوروپا لە بەرامبەر ئەردۆغان بێدەنگن بەڵام من بێدەنگ نیم، تاڕادەیەک توانیومە گەرەنتی لە سۆسیال دیموکراتەکان(پارتی حوکمڕان) گرەنتی وەربگرم کە هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستان و یەپەگەو پەپەژە بکەن، ئەوان تیرۆریست نین و ئەردۆغان تیرۆریستە".

پەرلەمانی سوید دوێنێ بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری داد کۆبووەوەو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، ئەگەر متمانە لەو وەزیرەی وەربگیرێتەوە ئەویش دەستلەکار دەکێشێتەوەو حکومەت هەڵدەوەشێتەوە.

سەندنەوەی متمانە لە وەزیری داد، ١٧٤ دەنگی بەدەستهێناو پێویستی بە یەک دەنگی دیکە هەبوو بۆ پەسەندکردن، ئەوەش لەسەر دەنگی ئامینە کاکەباوە وەستا، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەنگی بە متمانە سەندنەوەکە نەداو حکومەتی سویدی ڕزگار کرد.

مەرجی کاکەباوە بۆ حکومەتی سوید ئەوەبوو دژی تورکیا بوەستێتەوەو بەردەوامبێت لە پشتیوانیی کورد بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان، حکومەتی سویدیش بە مەرجەکەی ڕازی بووەو پەیمانی پشتیوانیی بە کاکەباوە داوە، ئەوەش ناکۆکییەکانی نێوان تورکیاو سوید تووندتر دەکات لە کاتێکدا ئەنقەرە بەربەستی سەرەکییە بۆئەوەی سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ.