
پەرەگراف
وەزیری دارایی هەرێم بە مەبەستی ڕێگری لە قاچاخچێتی و یاساشكێنی، لەگەڵ فەرماندەیەكی سوپای عێراق كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ لیوا ڕوكن حەماد فازڵ هادی دزەیی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، باسی لە دیاردەی قاچاخچێتی و یاساشكێنی لە سنوورەكان كردووە و جەختی كردووەتەوە بە هەموو لایەك هەوڵی بنەبڕكردنی ئەو دیاردەیە بدرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، ئەو فەرماندەیەی سوپای عێراق بەڵێنی داوە "هاوكاریی وەزارەتی دارایی بكات بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی لە پشتی كارە نایاساییەكانەوەن، بەبێ جیاوازی ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە".
كێشەی قاچاخچێتی لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای دامەزرانی حكومەتی هەرێمەوە هەیە و تا ئێستا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە. هەرچەندە چەند جارێك بڕیار لە حكومەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرچووە، بەڵام جێبەجێ نەكراوە.
ڕۆژی 7-1-2021، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد كە هێزێكی تایبەت و هاوبەش پێكبهێنن بۆ ڕێگەگرتن لە هەرپێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی یاسا و ڕێكارەكان لەدەروازەكان بە بێ جیاوازی.
بڕیارەكە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دەركرا و تێیدا هاتبوو "ئەو ھێزە ھاوبەشە، دەسەڵاتی قانوونیی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاسا و ڕێكارەكان لە دەروازەكان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و كاری ناقانوونی لە سەرجەم دەروازەكان بەبێ جیاوازی"، بەڵام بڕیارەكە جێبەجێ نەكرا.
* ھێزێکی تایبەت پێکدەھێنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەکان
* قاچاخچێتی لە دەروازەكان بەردەوامە؛ هێشتا هێز بۆ ڕوبەڕوبوونەوەیان پێكنەهێنراوە
* داوای دانیشتنێكی پەرلەمان تایبەت بە پێكهێنانی هێز بۆ پاراستنی دەروازە سنوورییەكان دەكرێت