
پەرەگراف
ئەمشەو دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز لەسەر ڕێگای هەولێر - پیرمام بیسترا. دژەتیرۆری كوردستان دەڵێت "درۆنی بۆمبڕێژكراو خۆی بە ڕێگاكەدا كێشاوە". وەزیری تەندروستی دەڵێت "خۆشبەختانە هیچ بریندارێكی سەخت نییە".
كاتژمێر 10ی ئەمشەو، فەرمان سادق، پەیامنێری پەرەگراف لە هەولێر، وتی "دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز لەسەر ڕێگای هەولێر – پیرمام بیستراوە و شایەتحاڵەكان وتوویانە مووشەكێك كەوتووەتەوەخوارەوە".
پەیامنێری پەرەگراف وتیشی "ڕووداوەكە لە نزیك بەنزینخانەی شیمال بووە".
دواتر دژەتیرۆری كوردستان ڕایگەیاند "بە گوێرەی زانیارییەكانی دژەتیرۆری كوردستان، كاتژمێر 9:35ی ئەمشەو درۆنێكی بۆمبڕێژكراو خۆی دەكێشێت بەسەر ڕێگای پیرمام هەولێر و لە ئاكامدا سێ هاووڵاتی بە سووكی بریندار دەبن، هاوكات زیانی ماددی بە خواردنگەیەك و چەند ئۆتۆمبێلێك دەكەوێت".
هەر ئەمشەویش دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی وتی "لەگەڵ یەكەمین ساتەكانی دەنگی بیستراوی ئەمشەو، ژمارەیەكی زۆر ئەمبوڵانس و تیمی فریاگوزاری و پزیشكی فریاكەوتنی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداو و ئامادەكاریی تەواو كرا بۆ هەر ئەگەرێك".
وەزیری تەندروستی جەختی كردەوە كە "خۆشبەختانە هیچ بریندارێكی سەخت نییە، تەنها سێ هاووڵاتی بە سووكی برینی سادەیان هەیە و كاری پێویستیان بۆ چارەسەری بۆ دەكرێت".