وەزیری ناوخۆ: درۆنە بۆمبڕێژكراوەكە لە هەمان ئاراستەی هێرشەكانی پێشووەوە هاتووە

09-06-2022 12:07
چارەسەركردنی بریندارانی هێرشەكە

پەرەگراف

وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستیی هەرێمی كوردستان بریندارانی هێشەكەی ئەمشەوی سەر هەولێریان بەسەر كردەوە. ڕێبەر ئەحمەد دەڵێت "هێرشەكە بە درۆنی بۆمبڕێژكراو ئەنجام دراوە و ئەو شوێنەی لێوەی هاتووە، هەمان ئاراستەی هێرشەكانی پێشووە".

وەزیری ناوخۆی هەرێم بۆ میدیاكان وتی "بە درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كراوەتە سەر ڕێگای هەولێر - پیرمام و سێ‌ هاووڵاتیی مەدەنی بریندار بوون كە یەكێك لە بریندارەكان بارودۆخی تەندروستیی جێگیر نییە".

ڕێبەر ئەحمەد وتیشی "ئەمە چەندین جارە شاری هەولێر و هەرێم دەكرێتە ئامانج لەلایەن چەند گرووپێكەوە كە لە یاسا بەدەرن و چەند جارێكی تریش هەڕەشەیان كردووە كە هەولێر دەكەنە ئامانج"

"دەزگا ئەمنییەكانمان ڕاسپاردووە و خەریكی لێكۆڵینەوەی سەرەتایین بۆ دەستنیشانكردنی سەرچاوەی هەڕەشەكە. سەرۆكی حكومەت پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجام داوە و ئاڵوگۆڕی زانیارییان كردووە"، وەزیری ناوخۆ وای وت.

ئەمشەو دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز لەسەر ڕێگای هەولێر - پیرمام بیسترا. فەرمان سادق، پەیامنێری پەرەگراف لە هەولێر، وتی "دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز لەسەر ڕێگای هەولێر – پیرمام بیستراوە و شایەتحاڵەكان وتوویانە مووشەكێك كەوتووەتەوەخوارەوە".

پەیامنێری پەرەگراف وتیشی "ڕووداوەكە لە نزیك بەنزینخانەی شیمال بووە".

دواتر دژەتیرۆری كوردستان ڕایگەیاند "بە گوێرەی زانیارییەكانی دژەتیرۆری كوردستان، كاتژمێر 9:35ی ئەمشەو درۆنێكی بۆمبڕێژكراو خۆی دەكێشێت بەسەر ڕێگای پیرمام هەولێر و لە ئاكامدا سێ هاووڵاتی بە سووكی بریندار دەبن، هاوكات زیانی ماددی بە خواردنگەیەك و چەند ئۆتۆمبێلێك دەكەوێت".

هەر ئەمشەویش دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی وتی "لەگەڵ یەكەمین ساتەكانی دەنگی بیستراوی ئەمشەو، ژمارەیەكی زۆر ئەمبوڵانس و تیمی فریاگوزاری و پزیشكی فریاكەوتنی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداو و ئامادەكاریی تەواو كرا بۆ هەر ئەگەرێك".

وەزیری تەندروستی جەختی كردەوە كە "خۆشبەختانە هیچ بریندارێكی سەخت نییە، تەنها سێ هاووڵاتی بە سووكی برینی سادەیان هەیە و كاری پێویستیان بۆ چارەسەری بۆ دەكرێت".