ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: هێرشە درۆنییەکەی سەر هەولێر لەلایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە بووە

09-06-2022 12:44

پەرەگراف

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو درۆنەی لە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی هەولێردا بەکار هاتووە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە لایەن "میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە".

ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕاگەیەندراوێکدا ناڕاستەوخۆ هێرش دەکاتەسەر ئێران و دەڵێت "دوای هێرشەکە چەندین سایتی فەرمیی سەر بە هێزێکی ناوچەیی، وەک جارانی پێشوو، وایان بڵاو کردووەتەوە کە لەم هێرشەدا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە موسادی ئیسرائیلی بە ئامانج کراوە و گوایە کەسێکیش کوژراوە. ئەوان لەوانەیە بتوانن ئەو درۆ و دەلەسانە دەرخواردی رای گشتی خۆیان بدەن، بەڵام بۆ خەڵکی هەولێر و هەرێم کە بە چاوی خۆیان شوێن و جۆری هێرش و لێکەوتەکانیان بینی، ئەم هەواڵانە بووەتە مایەی گاڵتەجاری".

"ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەکەن، دەیانەوێت شکست و لاوازیی خۆیان پەردەپۆش بکەن، گەرنا با ئاسایشی ناو جەرگەی پایتەخت و شارەکانیان بپارێزن" ئەنجومەنی ئاسایش وادەڵێت.

ئەوە لەکاتێکدایە میدیای فەرمیی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە "لە هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر دوو بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) کراونەتە ئامانج و کوژراون"، هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات "کونسوڵخانەی ئەمریکا و بارەگایەکی ئەمنییش لە هەولێر بە موشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو کراونەتە ئامانج".

ئەوە یەکەمجارنییە هەولێر بکرێتە ئامانجی هێرشی درۆن و مووشەک، ئیران بەردەوام هەبوونی ئیسرائیلی کردووەتە پاساو بۆ ئەو هێرشانە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەڵێت "هێرشی تیرۆریستیی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر، درێژەی ئەو هێرشانەیە کە بە مەبەستی گۆشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن".

ئەنجومەنەکە تەئکید دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان هیچ کات پێگەیەک نابێت بۆ هەرەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، "لە هەمانکاتیشدا رایدەگەیەنین کە ئەو وڵاتانە دەبێت رێز لە سەروەریی خاک و گەلی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن".

شەوی ڕابردوو لەسەر ڕێگەی هەولێر-پیرمام درۆنیکی بۆمبڕێژکراو کەوتە خوارەوەو بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی بە سووکی برینداربوون و زیان بە چەند ئۆتۆمبێلێک گەیشت.