یەکەمین حاڵەتی مردن بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا

11-06-2022 01:41

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی یەکەمین حاڵەتی مردن بە نەخۆشیی پەتای تای خوێنبەربوونی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، دەڵێت "گەنجێکی تەمەن 27 ساڵە، خەڵکی گوندی گۆڕەزی ناحیەی خەلیفانە لە دەڤەری سۆران و پشتڕاستکراوەتەوە وەکو تووشبووی نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون، دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە و مانەوەی بۆ چارەسەریەکانی و کوشندەیی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا".

"داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن بۆ دووربوون لە تووشبوون بە نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون" وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وادەڵێت.

تای خوێنبەربوون پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. تا ئێستا نزیكەی ٦٠ كەس لە عێراق تووشی ئەو پەتایە بوون و ١٢ كەس گیانیان لەدەست داوە.

دكتۆر سەرخێڵ ئاراس، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی، لەبارەی نەخۆشییەكەوە لە گفتوگۆیەكدا بۆ پەرەگراف وتی "تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی گوازراوەیە كە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. لە 40%ی ئەو كەسانەی تووشی دەبن، ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە".

سەبارەت بە نیشانەكانی نەخۆشییەكەیش، دكتۆر سەرخێڵ ئاراس وتی "نەخۆشەكە تایەكی بەرزی دەبێت، هەموو جەستەی ئازاری هەیە، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات".

گفتوگۆی پەرەگراف لەگەڵ دکتۆر سەرخێڵ