زەنگی دواخستنی هەڵبژاردن لێدرا و کۆمسیۆن داوای دیاریکردنی ڕێکەوتێکی نوێ لە سەرۆکی هەرێم دەکات

11-06-2022 06:13

پەرەگراف- فەرمان سادق

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١-١٠ ئەنجام نادرێت بەهۆی نەگەیشتنە ڕێککەوتنی لایەنەکان و نەبوونی کاتی پێویست لەبەردەم کۆمسیۆندا، کۆمسیۆن داوای دیاریکردنی ڕێکەوتێکی نوێ لە سەرۆکی هەرێم دەکات بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.

شیروان زرار وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم بە پەرەگرافی وت "هەڵبژاردن لەو وادەیەدا ناکرێت کە دیاریکراوە، دوای گەیشتنە ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دیاریکردنی کاتێکی نوێ لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە، لەو کاتەوە کۆمسیۆن شەش مانگی پێویستە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە".

وتەبێژەکەی کۆمسیۆن وتیشی "هەڵبژاردن چەند مانگێک دوا بکەوێت باشترە، نەک بەپەلەو بە گرفتەوە ئەنجام بدرێ و بێمتمانەیی دروست ببێت، بە تایبەت ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ هەڵبژاردن و ئەگەر کەشێکی ئیجابیی بێتە ئاراوە باشترە".

شیروان زرار ئەوەشی خستەڕوو، نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی ئەوانی کردووەو پێیانباش بووە هاوکاری و هەماهەنگییان هەبێت لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کە لە دوای ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧وە پەیوەندییەکانیان پچڕاوە بەتایبەت بۆ پرسی بەکارهێنانی تۆمار هەڵبژاردنی عێراق ئەگەر لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتن.

"لایەنەکان تاڕادەیەکی زۆر متمانەیان بە تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی عێراق هەیەو مافی هەرێمە ئەو تۆمارە بەکاربهێنێت" وتەبێژەکەی کۆمسیۆن وای وت.

هێشتا حیزبەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ناکۆکییەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و میکانیزم و سیستمی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەن.

جینین بلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەنجامداوە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەبارەی هەڵبژاردن، لە دووەم کۆبوونەوەدا بڕیاردرا سکرتاریەتێک لە سەرۆکایەتی هەرێم پێکبهێنرێت و تا ١-٧-٢٠٢٢ ڕاپۆرتێک ئامادە بکات.