ئەو كەسەی بە ئاڕ پی جی ڕاوەماسیی دەكرد دەستگير كرا

11-06-2022 07:46

پەرەگراف

ئەو كەسەی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بە چەكی ئاڕ پی جی ڕاوەماسی دەكات، بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ دەستگیر كرا و ڕاگیراوە تا لێكۆڵینەوە لە گرتە ڤیدیۆییەكە دەكرێت. كەسەكە خۆی ئەندامی هێزە ئەمنییەكانە و پۆلیسە.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی چەمچەماڵ بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەو كەسەی ڤیدیۆی خۆی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا بە چەكی ئاڕ پی جی ڕاوەماسی دەكات، ئێوارەی ئەمڕۆ بە فەرمانی عەمید محەمەد عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ، دەستگیر كراوە و ڕاگیراوە".

ئەو سەرچاوە وتیشی "لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە و ڕێكاری یاسایی بەرانبەر ئەو كەسە دەگرینە بەر".

"لە دوای دەستگیركردنی وتوویەتی كە ئەو گرتە ڤیدیۆییەكە كۆنە و هی ساڵی 2017یە، بەڵام ئێمە لێكۆڵینەوە دەكەین بزانین ڤیدیۆكە هی 2022وە یان هی 2017یە"، سەرچاوەكە وای وت.

هەر ئێوارەى ئەمڕۆ ئەو کەسە لە گرتەیەکى ڤیدیۆیى نوێدا وتى "ئەو ڤیدیۆ هى پێنج ساڵ لەمەوبەرە و پەیجەکان بۆ ئاژاوە و دروستکردنى کێشە بۆ من بڵاوى دەکەنەوە. داواکارم چیتر بڵاوى نەکەنەوە و سکاڵاى یاساییان لەسەر تۆمار دەکەم".

هاوكات ڕائید جەلیل عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی چەمچەماڵ، بە پەرەگرافی وت "پۆلیسی چەمچەماڵمان لە بابەتەكە ئاگادار كردووەتەوە. كەسەكە خۆی دەڵێت ڤیدیۆكە كۆنە و هی چەند ساڵێك لەمەوبەرە، بەڵام ئەگەر ڤیدیۆكە كۆنیش بێت، ئێمە ڕێكاری یاسایی بەرانبەری دەگرێنە بەر، چونكە بەكارهێنانی تەقینەوە بۆ ڕاوەماسی قەدەغەیە".

لە 24 كاتژمێری ڕابردوو گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە و دەستاودەستی پێ‌ دەكرێت، كە تێیدا كەسێك لە چەمی ئاوە سپی لە سنووری گەرمیان بە چەكی ئاڕ پی جی ڕاوی ماسی دەكات. ئەوەش كاردانەوەی فراوانی بەدوادا هات.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، ئەو كەسە ناوی (شەماڵ ڕەئیس)ـە و كارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی چەمچەماڵە. پێشتریش بەهۆی فرۆشتنی چەقۆ و بۆكس خەنجەر و ئەو جۆرە كەرەستانەی كە بۆ شەڕ بەكار دێن، لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە هەوڵ بۆ دەستگیركردنی هەبووە.

سەرچاوەكەی پەرەگراف لە پۆلیسی چەمچەماڵ وتی "ڕاستە مێزێكی داناوە و لە دوای دەوام ئەو شتانەی فرۆشتووە، بەڵام ئێستا ئەو شتانەمان پێ لابردووە و تەنیا مەكینەی ڕیشتاشین و ئەو جۆرە شتانە دەفرۆشێت".