كاندیدەكەی سەدر بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كشانەوەی ڕاگەیاند

13-06-2022 10:07
محەمەد جەعفەر سەدر، موقتەدا سەدر

پەرەگراف

كاندیدەكەی موقتەدا سەدر بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، كشانەوەی خۆی ڕاگەیاند. بارزانییش كاردانەوەی بەرانبەر دوایین بڕیاری سەدر بۆ دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵی فراكسیۆنی ڕەوتەكەی لە پەرلەمانی عێراق نیشان دا.

محەمەد جەعفەر سەدر، كاندیدی موقتەدا سەدر بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە تویتێكدا دەڵێت "پێشتر كاندیدكردنم لەلایەن سەماحەتی بەڕێز سەدرەوە قبووڵ كرد، وەكوو پشتگیرییەك بۆ پرۆژەی چاكسازیی نیشتمانی، بەڵام ئێستا كاتی داواى لێبوردن و کشانەوەیە"

محەمەد جەعفەر سەدر سوپاسی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانیی نیشتمانی كردووە بۆ ئەو متمانەیەی پێیان بەخشیوە.

هاوكات هەر ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، لە تویتێکدا وتی "ڕێز لە بڕیارەكەی سەماحەتی بەڕێز موقتەدا سەدر دەگرین و چاودێریی بەرەوپێشچوونەكانی داهاتوو دەكەین".

ڕۆژی 9-6-2022، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە وتارێكدا داوای لە هەموو ئەندامانی كوتلەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق كرد كە دەستلەكاركێشانەوەكانیان بنووسن ‌و ئامادە بن بۆ پێشكەشكردنی بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەر كاتێك پێیان گوترا.

سەدر وتی "چاكسازی بەبێ حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی ناكرێت. زۆرینە بۆ ئێمەیە نەك بۆ ئەوانی تر".

ڕێبەری ڕەوتی سەدر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی تۆمەتبار كرد بە دروستكردنی بنبەستی سیاسی و وتیشی "ئەگەر كوتلەی سەدر بەربەستە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتدا، ئەوا پەرلەمانتارانمان ئامادەن بۆ دەستلەكاركێشانەوە".

دواتر پەرلەمانتارانی سەدر دەستلەكاركێشانەوەكانیان نووسی و پێشكەشی موقتەدا سەدریان كرد لە حەنانەی نەجەف.

دوێنێ‌ 12-6-2022، موقتەدا سەدر لە نامەیەكدا بۆ حەسەن عەزاری، سەرۆكی فراكسیۆنی سەدر، داوای لێ كرد نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكەی ڕادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات.

هەر هەمان ڕۆژ سەرۆكی فراكسیۆنی سەدر نامەی دەستلەكار كێشانەوەی بەكۆمەڵی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكەی ڕادەستی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان كرد.

نوێ دەکرێتەوە ...