لە دادگای سلێمانی چی ڕوویدا؟ قوباد تاڵەبانی داوای لێبوردن دەکات

13-06-2022 03:37
دیمەنێک لە ڕووداوەکەی ئەمڕۆی ناو دادگاو لێدان لە ژنەکان. وێنە؛ تایبەت بە پەرەگراف

پەرەگراف

ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی توندوتیژی بەرامبەر ژمارەیەک ژن ئەنجامدرا لەلایەن پۆلیسەوە، سەرجەم پۆلیسەکان دەستگیر کران و جێگری سەرۆکی حکومەت داوای لێبوردنیان لێ دەکات.

شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە بە پەرەگرافی وت "کەسوکاری تارقی بەقاڵ کە زۆرینەیان ژن بوون ئەمڕۆ ئامادەبوون لە دانیشتنێکی دادگاییکردنی ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی تارق، بەڵام ناڕەزاییان دەربڕی و بەوهۆیەوە لەلایەن پۆلیسەکانەوە لێیان درا".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "پۆلیسەکانی دادگا ژنەکانیان بە شەق و بۆکز و پاڵپێوەنان زیاتر لە ١٠ مەتر بردو دەریانکردن".

تارقی بەقاڵ، کۆتایی ٢٠١٨ لە سلێمانی ڕفێندراو دوای ٤ مانگ تەرمەکەی دۆزرایەوەو هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبارانیان دەستگیر کرد، ڕووداوەکە لە کاتی خۆیدا دەنگدانەوەی فراوانی لێکەوتەوە.

ئەمڕۆش دوای ڕووداوەکەی دادگاو بینینی گرتەی ڤیدیۆیی لێدانی ژنەکان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت داوای لێبوردنی لەو ژنانە کردو ڕایگەیاند "بە داخەوە ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی چەند کارمەندێک لە هێزەکانی پۆلیس هەڵسوکەوتی ناپیشەییان لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڵاتیان کردوە. لە دوای ئاگاداربوون لە رووداوەکە و بینینی تۆماری ڤیدیۆیی رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ هەموو سەرپێچیکارانی دەستگیر کرد و رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە".

"‎بەندە داوای لێبوردن لەو هاوڵاتیانە دەکەم کە ئەم رەفتارە نەشیاوەیان بەرامبەر کراوە و دڵنیاشیان دەکەمەوە لە سزادانی سەرپێچیکاران و داواشیان لێ دەکەم خۆیان سکاڵا لەسەر ئەو پۆلیسانە تۆمار بکەن. ئەرکی پۆلیس و ھێزە ئەمنیەکان ھۆشیارکردنەوەی کارمەندەکانیانە لەسەر پیشەیی بوون و رێزگرتنی کەرامەتی ھاوڵاتیان" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

ڤیدیۆی ڕووداوەکەی ئەمڕۆی ناو دادگای سلێمانی

وێنەی ڕووداوەکەی ئەمڕۆی ناو دادگای سلێمانی