لێشاوێكی گەورەی سكچوون و ڕشانەوە ڕووی لە سلێمانی كردووە و هۆشداری دەدرێت

13-06-2022 05:03

پەرەگراف

لێشاوێكی گەورەی نەخۆشیی سكچوون و ڕشانەوە ڕووی لە سلێمانی كردووە و لە ماوەی دوو ڕۆژدا نزیكەی 1600 نەخۆش تەنیا لە نەخۆشخانەی شار چارەسەریان وەرگرتووە.

سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "فشارێكی زۆر توندمان لەسەرە، لە پێرێوە نزیكەی 1600 نەخۆش داخڵ بوون و ڕۆیشتوون".

ئەو سەرچاوە وتیشی، نەخۆشخانەی شار تەنیا نەخۆشانی سەروو 15 ساڵ وەردەگرێت، ئەوانەی لە خوار ئەو تەمەنەوەن لە نەخۆشخانەی مندڵان داخڵ دەكرێن و فشارێكی زۆر لەسەر ئەو نەخۆشخانەیەش دروست بووە.

بۆ چارەسەری ئەو بارودۆخەیش، ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە ئامادەیی سەرجەم بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكان كۆبوونەوەیەك بەڕێوە چووە.

هاوكات دكتۆر هێرش حەیدەر، پزیشكی پایەبڵدنی هەناوی، لە هەژماری خۆی لە فەیسیووك دەڵێت "لێشاوێكی زۆر خراپی سكچوون و ڕشانەوە ئەم شارەی تەنیوە، ژمارەیەكی ئێجگار زۆری نەخۆش داخڵ دەكرێن و جارێ نازانرێت ئایە ڤایرۆسە یا بەكتریای ترە، یان كۆلێرایە".

"تكایە ئەم ماوەیە هەوڵ بەن كەمترین كات لە دەرەوە نان بخۆن، سەوزە و میوە جوان بشۆنەوە، هەوڵ بدەن ئاوی بتڵ یاخود ئاوی فلتەر بخۆنەوە، زوو زوو دەست بشۆن و تەعقیمی كەن"، دكتۆر هێرش حەیدەر وا دەڵێت.

ئەو دكتۆرە ئاماژە بەوەش دەكات كە جیاوازیی ئەم پەتایەی ئەمساڵ لە ساڵانی پێشوو ئەوەیە كە بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی تووشی دێن، لە ماوەیەكی زۆر كورتدا دووچاری وشكبوونەوەی جەستە و كەمبوونەوەی كانزاكانی جەستە و بەشێكیشیان دووچاری سستیی گورچیلەكان دەبن.