وەزیری سامانە سروشتییەكان سكاڵای لەسەر وەزیری نەوتی عێراق تۆمار كرد

13-06-2022 09:00

پەرەگراف

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لەبەرانبەر ناردنی نامە بۆ كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بە مەبەستی "ترساندن و دەستوەردان لە مافی كۆمپانیاكان لەو گرێبەستانەی كە لە گەڵ هەرێمی كوردستان هەیانە، وەزیری سامانەسروشتییەكان داوایەكی مەدەنیی لەسەر وەزیری نەوتی حكومەتی فیدراڵ تۆمار كردووە".

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ڕۆژی ١٩ی ئایاری ٢٠٢٢ و لەسەر داوای وەزیری نەوتی عێراق، دادگای بازرگانی (الكرخ) لە بەغدا، ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی كە لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستان دا كار دەكەن، بانگ كرد".

ئەو كۆمپانیایانەی كە بانگ كراون پێكهاتوون "كۆمپانیای DNO، وێسترن زاگروس، HKN، شاماران، گەنەڵ ئێنێرجی، ئاداكس و گۆلف كیستۆن"، كە گرێبەستەكانیان بە پێی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی نەوت و گازی كوردستان واژوو كراوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بانگكردنی ئەو كۆمپانیایانەی بە "دوایین زنجیرە ڕێوشوێنی نایاسایی وەزیری نەوتی حكومەتی كاربەڕێكەری بەغدا" ناو بردووە و دەڵێت "وا دیارە ئەو كارە نایاساییانەش لەسەر بنەمای بڕیارێكی دادگایەكی بەغدایە كە خۆی بە دادگای باڵای فیدراڵی ناو دەبات. ئەو بەناو دادگای باڵای فیدراڵییە، لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ و بە پاڵنەرێكی سیاسی بۆچوونێكی دەركرد كە مەبەست لێی پووچەڵكردنەوەی یاسای نەوت و گازی ساڵی ٢٠٠٧ی كوردستان بووە، كە هیچ دادگایەك لە بەغدا دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیارێكی لەو شێوەیە بدات."

دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان:

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ١٩ی ئایاری ٢٠٢٢ و لە سەر داوای وەزیری نەوتی عێراق، دادگای بازرگانی (الكرخ) لە بەغدا، ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی كە لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستان دا كار دەكەن بانگ كرد (استدعا‌و). لەوانەش كۆمپانیای DNO)، وێسترن زاگروس، HKN، شاماران، گەنەڵ ئێنێرجی، ئاداكس و گۆلف كیستۆن(، كە گرێبەستەكانیان بە پێی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی نەوت و گازی كوردستان واژوو كراوە و ئەو یاسایەش بە پێی ماددەكانی دەستووری عێراقی لە لایەن پەرلەمانی كوردستان دەرچوێنراوە.

بانگ كردنی دادگای (الكرخ)، دوایین زنجیرە ڕێوشوێنی نایاساییە، كە لەلایەن وەزیری نەوتی حكومەتی كاربەڕێكەرەوە لە بەغدا گیراوەتەبەر و وادیارە ئەو كارە نایاساییانەش لەسەر بنەمای بڕیارێكی دادگایەكی بەغدایە كە خۆی بە "دادگای باڵای فیدراڵی" ناودەبات. ئەو بەناو "دادگای باڵای فیدراڵی"یە، لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ و بە پاڵنەرێكی سیاسی بۆچوونێكی دەركرد كە مەبەست لێی پووچەڵكردنەوەی یاسای نەوت و گازی ساڵی ٢٠٠٧ی كوردستان بووە، كە هیچ دادگایەك لە بەغدا دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیارێكی لەو شێوەیە بدات.

ڕۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و بڕیاری ١٥ی شوباتیان ڕەتكردەوە. ڕۆژی ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی دادوەری كە باڵاترین دامەزراوەی دادوەرییە لە هەرێمی كوردستان، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا پشتگیری لە ڕەوایەتی یاسای نەوت و غازی ساڵی ٢٠٠٧ كرد و ڕایگەیاند، بە پێی ماددەی 92 / بڕگەی دووەم لە دەستووری عێراقی فیدراڵ، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەك بۆ دامەزراندنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەربكات، بەڵام تا ئێستا هیچ یاسایەكی لەو جۆرە دەرنەچووە، بۆیە "دادگای باڵای فیدراڵی" بە پێی دەستوور دانەمەزراوە، كەواتە هیچ دەسەڵاتێكی دەستوری نییە بۆ ئەوەی ئەو كارە بكات، و یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانیش بە تەواوی بە بەركاری دەمێنێتەوە.

لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، حكومەتی هەرێمی كوردستان سكاڵایەكی یاسایی لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر لە دژی بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی تۆمار كرد، بەهۆی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و پێگەی خۆی ئەویش لە ڕێگەی ترساندن و هەراسانكردنی ئەو كۆمپانیانەی كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن. بە بۆچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە بە ناردنی نامەی ئەلیكترۆنی و نامە، مەبەستی ترساندنی و دەستوەردان لە مافی ئەو كۆمپانیایانە بووە لە گرێبەستەكانیان لە گەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر بڕیاریدا كە ئەو داوایانەی لە دادگای بازرگانی (الكرخ) لەدژی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان تۆمار كراون، دەبێت بهێنرێنە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر، بۆ ئەوەی وەك بەڵگە بۆ ئەو سكاڵا تاوانكارییە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت. هەروەها دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر بڕیاریدا هەر داوایەكی یاسایی لە دادگای (الكرخ) كە بۆ ئەو مەبەستە تۆماركراوە دوابخرێت، ئەوەش بە پێی یاسای بنەماكانی دادگایی كردنی سزایی ژمارە (٢٣ ی سالی ١٩٧٩) عێراقی، بۆیە دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق كارەكانی دادگای مەدەنی ڕابگرێت تاوەكو ڕێكارەكانی دادگای لێكۆڵینەوە تەواو دەبێت و بڕیاری لە سەر دەدرێت. تەنانەت لە دوای تەواو بوونی لێكۆڵینەوە بە پشت بەستن بە ماددەی (٣٨) لە یاسای دادبینی شارستانی عێراقی ژمارە(٨٣ ی ساڵی ١٩٦٩) و بە پێی تایبەتمەدێتی شوێن (اختصاص مكانی)، دەبێت ئەم داوایانە لە دادگا شارستانییەكانی هەرێمی كوردستان دادبینی بۆ بكرێت و بڕیاری لە سەر بدرێت، چونكە كۆمپانیا داوا لێكراوەكان هەر هەموویان لە كوردستان تومار كراون و لە كوردستان كار دەكەن.

هەروەها لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، وەزیری سامانەسروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوایەكی مەدەنی لەسەر وەزیری نەوتی حكومەتی فیدراڵ تۆمار كرد. بە بۆچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەپێی بڕگەكانی یاسای مەدەنی عێراقی، وەزیری نەوتی حكومەتی فیدراڵ بەرپرسیارە لە ناردنی نامەی ئەلیكترۆنی و نامە بۆ كۆمپانیاكان كە مەبەست لێی ترساندن و دەستوەردان بووە لە مافی كۆمپانیاكان لەو گرێبەستانەی كە لە گەڵ هەرێمی كوردستان هەیانە.