یەكەم كاروانی پەنابەران لە بەرتانیاوە ڕەوانی ڕواندا دەكرێن

14-06-2022 02:34

پەرەگراف

سەرەڕای ناڕەزایەتییەكان، یەكەم گەشتی ناردنی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا ئەمشەو ئەنجام دەدرێت. هەرچەندە بڕیار بوو زیاتر لە 30 پەنابەر لەم گەشتەدا بنێردێنە ڕواندا، بەڵام زۆرینەیان توانییان لە ڕێگەی دادگاوە گەشتەكەیان هەڵبوەشێننەوە كە بەشێك لەوانە كوردن.

لیز ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بە بی بی سیی ڕاگەیاندووە كە "گەشتەكە بەپێی ئەو بەرنامەی بۆی داڕێژراوە بەڕێوە دەچێت، تەنانەت ئەگەر بە ژمارەیەكی كەمی سەرنشینەكانیشەوە بێت".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەم هەنگاوەی بە "كلیلی ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییانی مرۆڤ كە بازرگانی بە ئومێد و خەونەكانی خەڵكەوە دەكەن" ناو بردووە.

لیز ترەس ڕایگەیاندووە "ئەو پەنابەرانەی لە گەشتی ئەمڕۆدا نین، لە گەشتەكانی داهاتوودا ڕەوانەی ڕواندا دەكرێن".

ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە گەشتی ئەمشەودا ڕەوانەی شاری كیگالی پایتەختی ڕواندا دەكرێن، هێشتا لە نێوان حەوت یان هەشت كەس یەكلا نەبووەتەوە. بوونی سێ هاووڵاتیی ئێرانی لەم گەشتەی پەنابەراندا پشتڕاست كراوەتەوە، هەروەها باس لە بوونی دوو هاووڵاتیی هەرێم دەكرێت.

سەرەتا ژمارەی ئەو پەنابەرانە زیاتر لە 30 كەس بوو، بەڵام زۆرینەیان توانییان لە ڕێگەی دادگاوە ڕەوانەكردنیان بۆ ڕواندا هەڵبوەشێننەوە، كە باس لەوە دەكرێت نزیكەی 10 كەس لەو پەنابەرانە كوردن. لەگەڵ ئەوەشدا دادگای بەریتانیا دوێنێ‌ تانەیەكی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی كۆی پلانەكەوە، لە بەرژەوەندیی حكومەتی بەریتانیا یەكلا كردەوە.

هێشتا هەوڵ و ناڕەزایەتییەكانی پەنابەران و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دژی ئەو هەنگاوەی حكومەتی بەرتانیا بە چەندین ڕێگەی جیاواز بەردەوامە. بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ بەر لە گەشتەكە، دادگا دۆسیەی سێ پەنابەری دیكە یەكلایی بكاتەوە.

ڕابەرانی كڵێسا لە نامەیەكدا ئەم هەنگاوەی وڵاتەكەیان بە "سیاسەتێكی نائەخلاقی و مایەی شەرمەزاری" ناو بردووە. ڕێكخراوی پزیشكانی بێسنووریش ئەم پلانەی حكومەتی بەریتانیای بە "شەرمهێنەر و مەترسیدار" وەسف كردووە و دەڵێت "جێبەجێكردنی یەكەمین هەوڵی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا، دەستپێكردنی وەرزێكی تاریكە لە مافە جیهانییەكانی پەنابەران".

دەوڵەتی بەریتانیا دەڵێت، ئامانجی ئەم پلانە ڕێگرییە لە قاچاخچێتی كردن بە مرۆڤەوە لە ڕێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە.

بەپێی پلانێك كە حكومەتی بەریتانیا لەگەڵ حكومەتی ڕواندا لەسەری ڕێككەوتووە، بەشێك لەو پەنابەرانەی كە بە نایاسایی چوونەتە ناو وڵاتی بەریتانیاوە، ڕەوانەی ڕواندا دەكرێن. لە ماوەی پێنج ساڵدا كەیسی ئەو پەنابەرانە بە قبووڵكردن یان ڕەتكردنەوە یەكلا دەكرێتەوە.