ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم

14-06-2022 04:18

پەرەگراف

دەزگای هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەی دوێنێیاندا لە سەرۆکایەتی هەرێم، نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر هیچ خاڵێک، سەرجەم لایەنە سەرەکییەکان جگە لە نەوەی نوێ بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەدا.

کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی لیژنەیەکی سەرۆکایەتی هەرێم کە مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم سەرۆکایەتی دەکات ئەنجام درا، ئەو لیژنەیە تا ١-٧ کاتی لەبەردەمدایە بۆ نێوەندگیریی لایەنەکان و گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ناکۆکییەکان تا بە ڕاپۆرتێک بۆ سەرۆکی هەرێمی بەرزبکاتەوە.

بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکەی دوێنێ کە داوایکرد ناوی نەهێنرێت بەوپێیەی بڕیاریانداوە لێدوان بۆ ڕاگەیاندنەکان نەدەن، بە پەرەگرافی وت "لەسەر چوار خاڵ گفتوگۆکرا، فرەبازنەیی و کۆمسیۆن، ئەنجامدانی دەنگدانی تایبەت و تۆماری دەنگدەران".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "لەسەر هیچ خاڵێک نەگەیشتینە ڕێککەوتنی کۆتایی، تەنها لە دوو پرسدا ڕای هاوبەش دروست بوو، ئەویش متمانەدانەوە بە کۆمسیۆنی ئێستای هەرێم و بەکارهێنانی تۆماری دەنگدەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنەکە".

سیستمی هەڵبژاردنەکەو بازنەکانی هەڵبژاردن لە ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان لایەنەکانە، بەوتەی ئەو سەرچاوەیە "هێشتا پارتی بە دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار بازنە ڕازی نەبووە کە داواکاریی زۆربەی لایەنەکانە".

پەرەگراف پێشتر لە زاری وتەبێژی کۆمسیۆنەوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەڵبژاردنەکە لە ١-١٠ ئەنجام نادرێت بەهۆی نەگەیشتنە ڕێککەوتنی لایەنەکان و نەبوونی کاتی پێویست لەبەردەم کۆمسیۆندا، بۆئەو مەبەستەش کۆمسیۆن داوای دیاریکردنی ڕێکەوتێکی نوێ لە سەرۆکی هەرێم دەکات بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.

جینین بلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ئەنجامداوە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەبارەی هەڵبژاردن، لە دووەم کۆبوونەوەدا بڕیاردرا سکرتاریەتێک لە سەرۆکایەتی هەرێم پێکبهێنرێت و تا ١-٧-٢٠٢٢ ڕاپۆرتێک ئامادە بکات.