بڕیارێكی نوێ‌ لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دژی دۆسیەی نەوتی هەرێم

15-06-2022 12:31

پەرەگراف

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیارێكی سێخاڵیی توندی دژی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێم دەركرد كە تایبەتە بە كۆمپانیاكانی ئەو بوارە. لە دەرەوەش سكاڵا بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم دەجووڵێنێت.

ئاسۆ فەرەیدوون، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، ئاشكرای دەكات كە "وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی ١٢-٦-٢٠٢٢ بڕیارێكی نوێی لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمەوە دەركردووە".

ئاسۆ فەرەیدوون لە بەرنامەی (ئەمڕۆ)ی كەناڵی پەیامدا وتی "لە خاڵی یەكەمی بڕیارەكەدا داوا كراوە لە هەموو كۆمپانیاكان كە گرێبەستیان لە كێڵگەكانی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان هەیە لە بوارەكانی هونەری، لۆجستی، ڕاوێژكاری و خزمەتگوزاری، كارەكانیان ڕابگرن".

هەروەها لە خاڵی دووەمی بڕیارەكەدا "داوا لەو كۆمپانیایانە كراوە كە كاری بەردەوامیان لە كێڵگەكانی نەوت غازی هەرێم هەیە، لە ماوەی سێ‌ مانگدا كارەكانیان ڕابگرن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "بەپێی خاڵی سێیەمی بڕیارەكە، ئەو كۆمپانیایانەی كە ئەو كارە ئەنجام نەدەن و پابەند نەبن، دەچنە لیستی ڕەشەوە".

ڕوونیشی كردەوە كە "بەپێی بڕیارەكە دەبێت ئەو كۆمپانیایانەی تەنیا كاری هونەری، لۆجستی، ڕاوێژكاری و خزمەتگوزارییان لە كێڵگەكانی نەوت و غازی هەرێم هەیە، دەستبەجێ‌ كارەكانیان ڕابگرن، ئەوانەیشی كە كاری بەردەوامیان هەیە لە ماوەی سێ‌ مانگدا كارەكانیان ڕابگرن".

ئاسۆ فەرەیدوون ئاشكرایشی كرد "وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەشی یاسایی وەزارەتەكەوە، لە دەرەوە سكاڵایەكیان جووڵاندووە كە مامەڵەی وڵاتانی دەرەوە لەگەڵ هەرێم بۆ هەناردەكردنی نەوت ڕابگرن".

ڕۆژى ١٣-٦-٢٠٢٢ کە دەکاتە یەك ڕۆژ دوای دەرکردنى ئەم بڕیارەی وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لەبەرانبەر ناردنی نامە بۆ كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بە مەبەستی "ترساندن و دەستوەردان لە مافی كۆمپانیاكان لەو گرێبەستانەی كە لە گەڵ هەرێمی كوردستان هەیانە"، وەزیری سامانەسروشتییەكان و حكومەتی هەرێم دوو سكاڵایان لە دژی وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێوەبەرێكی گشتیی وەزارەتەكەی تۆمار كردووە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە "ڕۆژی ١٩ی ئایاری ٢٠٢٢ و لەسەر داوای وەزیری نەوتی عێراق، دادگای بازرگانی (الكرخ) لە بەغدا، ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی كە لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستان دا كار دەكەن، بانگ كرد".

* حكومەتی هەرێم و وەزیری سامانە سروشتییەكان سكاڵا لەسەر وەزارەتی نەوتی عێراق تۆمار دەكەن

ئەو كۆمپانیایانەی كە بانگ كراون پێكهاتوون "كۆمپانیای DNO، وێسترن زاگروس، HKN، شاماران، گەنەڵ ئێنێرجی، ئاداكس و گۆلف كیستۆن"، كە گرێبەستەكانیان بە پێی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی نەوت و گازی كوردستان واژوو كراوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بانگكردنی ئەو كۆمپانیایانەی بە "دوایین زنجیرە ڕێوشوێنی نایاسایی وەزیری نەوتی حكومەتی كاربەڕێكەری بەغدا" ناو بردووە و دەڵێت "وا دیارە ئەو كارە نایاساییانەش لەسەر بنەمای بڕیارێكی دادگایەكی بەغدایە كە خۆی بە دادگای باڵای فیدراڵی ناو دەبات. ئەو بەناو دادگای باڵای فیدراڵییە، لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ و بە پاڵنەرێكی سیاسی بۆچوونێكی دەركرد كە مەبەست لێی پووچەڵكردنەوەی یاسای نەوت و گازی ساڵی ٢٠٠٧ی كوردستان بووە، كە هیچ دادگایەك لە بەغدا دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیارێكی لەو شێوەیە بدات."