دكتۆر سەباح هەورامی: زۆر گومان دەكەین پەتای كۆلێرا بڵاوبووبێتەوە

15-06-2022 12:38

پەرەگراف

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت "پەتای سكچوون بە ڕێژەیەكی زۆر زیادی كردووە و بەهۆی نیشانەكانیەوە گومان دەكەین پەتای كۆلێرا بێت". داوا لە هاووڵاتیانیش دەكات خۆیان لە سەوزە و دەرمانی گیایی بپارێزن، چونكە حاڵەتی وەستانی گورچیلە بەهۆی دەرمانی گیاییەوە تۆمار كراوە.

دكتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەواندیا وتی "پەتای سكچوون بە ڕێژەیەكی زۆر لە پارێزگای سلێمانی زیادی كردووە، ئەوەی جێگەی ترس و دڵەڕاوكێی ئێمەیە، بەپێی ستاندارەد جیهانییەكان هەموو شەش ساڵ جارێك پەتای كۆلێرا بڵاو دەبێتەوە، زۆر گومان دەكەین پەتای پەتای كۆلێرا بڵاوبووبێتەوە".

دكتۆر سەباح هەورامی لەگەڵ ئەوەی ڕەتی كردەوە كە بەپێی پشكنین حاڵەتی كۆلێرا تۆمار كرابێت، بەڵام وتی "بەپێی نیشانەكان گومان دەكەین ئەم پەتایەی ئێستا پەتای كۆلێرا بێت".

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی داوای لە هاووڵاتیان كرد پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن، چونكە "پەتای سكچوون لە قۆناغێكدا كوشندەیە".

"نەخۆشییەكە پەیوەندیی بە خۆراك و ئاوەوە هەیە، دەستشن و خۆراكی پاك و بە تایبەتیش ئاوی پاك زۆر پێویستە بۆ خۆپاراستن. هەموو تیمەكانمان خستووەتە كار بۆ پشكنینی ئاو و زیادكردنی ڕێژەی كلۆر"، دكتۆر سەباح هەورامی وای وت.

هەروەها داوای لە خواردنگەكان كرد بە هیچ شێوەیەك سەوزە نەفرۆشن و جەختی كردەوە كە "هەر چێشتخانەیەك سەرپێچی بكات، دایدەخەین و كەیسەكەی ڕەوانەی دادگا دەكەین، چونكە ڕەنگە ببێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵك".

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی داوای لە هاووڵاتیانیش كرد "بە تایبەتی بۆ منداڵەكانیان دەرمانی گیایی بەكار نەهێنن، چونكە حاڵەت هەیە گورچیلەی وەستاوە بۆهۆی بەكارهێنانی دەرمانی گیایییەوە".

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەتای ڕشانەوە و سكچوون لە سەرتاسەری هەرێم بڵاو بووەتەوە و لە پارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە ئاستێك كە "دوێنێ‌ لە نەخۆشخانەی شار جێگە نەماوە و نەخۆشخانەی شەهید هێمن تایبەت كراوە بە پەتاكە".