دژەتیرۆری کوردستان: تورکیا ئۆتۆمبێلێکی پەکەکەی لە کەلار کردە ئامانج و چوار چەکدار کوژران

17-06-2022 11:32
وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەمڕۆ لە کەلار فڕۆکەی تورکیا کردیە ئامانج

پەرەگراف

دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەی بەیانیی ئەمڕۆ لە قەزای کەلار تەقیوەتەوە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج و چەکداری پەکەکەی تێدابووە.

دژەتیرۆر دەڵێت "ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپ لە نزیک سایلۆی کەلار لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیاوە کرایە ئامانج، لە ئەنجامداچوار کەس کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون کوژران و یەکێکی دیکەش لە سەرنشینەکان بریندار بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە".

"ئەو کەسانەی بەئامانجگیراون چەکدارانی پەکەکە بوون و لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیاوە کراونەتە ئامانج" دژەتیرۆر وادەڵێت.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە کەلار بە پەرەگرافی وت "ئۆتۆمبێلێک لە گوندی بەرلووت تەقیوەتەوە کە پێنج سەرنشینی تێدابووە، چواریان کوژراونو یەکێکیان بە سەختی بریندارە کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، ھێشتا ھۆکاری تەقینەوەکە دیار نییەو پێدەچێت کرابێتە ئامانج".

تورکیا لەگەڵ بەردەوامیی شەڕو بۆردومانی ناوچە سنورییەکان، لە تەواوی خاکی کوردستاندا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرش دەکاتەسەر گەریلاکانی پەکەکەو زۆرجاریش خەڵکی مەدەنیی دەبنە قوربانیی، دوو ڕۆژ لەمەوبەر تورکیا بۆردومانی ناحیەی سنونێی لە شەنگال کردو منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ کوژرا.