وەزیری دارایی عێراق: ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم بەردەوام نابێت

18-06-2022 01:14

پەرەگراف

وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە لە بەغداوە بۆ هەرێم بەردەوام نابێت و بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هەرێمی کوردستان خاوەنی نەوتی خۆی نییەو ئەو نەوتە موڵکی عێراقە.

عەلی عەلاوی دەڵێت، یاسای بودجەی ساڵانی پێشووتر پشکی ھەرێمی کوردستانی بە 12% دیاری کردبوو، بەڵام بە مەرجی ڕادەستکردنی داھاتی نەوتی هەرێم بەرامبەر ئەو بڕە.

"هەرێمی کوردستان پابەند نەبوە بە نادرنی داهاتی نەوت، بۆیە ناردنی 200 ملیارەکە مانگانە بۆهەرێم بەردەوام نابێت، ئەگەر داهاتە نەوتییەکان رادەست نەکات" وەزیری دارایی عێراق وادەڵێت.

عەلاوی ئەوەش دەخاتەڕوو، گەرچی پێشتر دانپێدانانێک هەبوو کە هەرێمی کوردستان خاوەنی نەوتی خۆیەتی، بەڵام لەسەر بنەمای شیکردنەوە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نایاساییە ‌و حکومەتی هەرێم مافی ئەوەی نییە بەو شێوەیە مامەڵەی پێوە بکات و ئەو نەوتە موڵکی عێراقە.

ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەی دەستووری لەقەڵەمدا، بەوەش کۆی پڕۆسەی نەوتی هەرێمی بە نایاسایی داناو بڕیاریدا بخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵی بەغداوە، بەڵام هەرێمی کوردستان تا ئێستا ئەو بڕیارە ڕەت دەکاتەوەو خودی دادگاکە بە نادەستووریی لە قەڵەم دەدات.

لە نوێترین پێشهاتیشدا، هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیارێكی سێخاڵیی توندی دژی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێم دەركرد كە تایبەتە بە کاری كۆمپانیاكانی ئەو بوارە.

وەزارەتی نەوت لە خاڵی یەكەمی بڕیارەكەیدا كۆمپانیاكان ناچاردەکات بەڵێننامە پێشکەش بکەن کە گرێبەست لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێم و کار لە پڕۆژە نەوتییەکاندا ناکەن.

لە خاڵی دووەمی بڕیارەكەدا، داوا لەو كۆمپانیایانە كراوە كە كاریان لە كێڵگەكانی نەوت و گازی هەرێم هەیە، لە ماوەی سێ‌ مانگدا كارەكانیان ڕابگرن.

بەپێی خاڵی سێیەمی بڕیارەكەش، ئەو كۆمپانیایانەی پابەند نەبن بەو بڕیارەوە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە.