مەسعود بارزانی: ئەگەر دەستوور بەلاوە بنێن و بە میزاجی بڕیاری نایاسایی بدەن، قابیلی قبووڵ نییە

18-06-2022 01:18

پەرەگراف

مەسعود بارزانی داوای چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بە دەستوور دەكات و دەڵێت "بەڵام ئەگەر دەستوور بەلاوە بنێن و بە میزاجی بڕیاری نایاسایی بدەن، قابیلی قبووڵ نییە".

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، لە وتارێكدا لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر ناونیشانی كۆمەڵە كتێبی بزووتنەوەی بارزان لە هەولێر، وتی "لێتان ناشارمەوە، عێراق لە قەیرانێكی قووڵدایە و ئەوەی پێمان بكرێت یارمەتیی برادەرانی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی لەو قەیرانە دەربچین".

سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بارزانی وتی "ئەگەر بەغدا جیددی بێت و ئیرادە و نیەتی ڕێككەوتن هەبێت، دەستوور حەكەم بێت لە نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ئەوەی هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام دەستوور بەلاوە بنێن و بە میزاجی بڕیاری نایاسایی بدەن، ئەو مافەی دەستوور بە خەڵكی كوردستانی داوە، لێی بستێننەوە، ئەمە قابیلی قبووڵ نییە".

"من جارێكی دیكە تەئكید دەكەمەوە كە ئەو گرفتانەی هەن بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن. شەڕ خراپترین شتە و نابێت بیری لێ‌ بكرێتەوە، بەڵام لە شەڕ خراپتر، تەسلیمبوونە، ئێمە تەسلسیم نابین"، مەسعود بارزانی وای وت.

سەرۆكی پارتی وتیشی "زۆر جار تەهدیدات دەبیستین، تەهدیدمان دەكەن بەوەی كە وا دەكەین، لەناو خۆیشمان هەندێكیان دڵیان بەوە خۆشە كە ئەم هەرێمە چەند ڕۆژێك تەمەنی ماوە، ئەم هەرێمە بە خوێنی شەهیدان دروست بووە و بە خوێنی ڕۆڵەی شەهیدانیش دەپارێزرێت".