بەرپرسێكی باڵای ڕۆژئاوای كوردستان لە هێرشەکەی كەلاردا كوژراوە

18-06-2022 03:01

پەرەگراف

لە هێرشە ئاسمانییەكەی دوێنێی توركیا لە گوندێكی كەلار، بەرپرسێكی باڵای ڕۆژئاوای كوردستان كوژراوە كە بۆ "چارەسەری پزیشكی" سەردانی سلێمانیی كردووە. خۆبەڕێوەبەرێتیی ڕۆژئاوا داوا لە عێراق و هەرێم دەكات "بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و هەڵوێست دەرببڕن".

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان)، ڕایگەیاند "دوێنی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیاوە كرایە ئامانج، كە بووە هۆی شەهیدبوونی بەڕێز فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆكانی ئەنجومەنی جێبەجێكاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا".

ئیدارەكە دەڵێت "فەرهاد شبلی بۆ ئەنجامدانی پشكنین و وەرگرتنی چارەسەری پزیشكیی سەردانی شاری سلێمانیی كردبوو".

خۆبەڕێوەبەرێتیی ڕۆژئاوای كوردستان ئەو هێرشەی بە "كاری شەڕانگێزیی توركیا لە چوارچێوەی بەئامانجكردنی ئیدارەی خۆسەر و تێكدانی ئەزموونەكەی" ناو بردووە.

لەگەڵ ئیدانەكردنی توندی ئەو كارە، خۆبەڕێوەبەرێتیی ڕۆژئاوای كوردستان داواش لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە “بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەم كردەوە تیرۆریستییە دەرببڕن".

دوێنێ‌ لە گوندی بەرلووت لە قەزای كەلار، ئۆتۆمبێلێك لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیاوە كرایە ئامانج، تێیدا چوار كەس گیانیان لەدەست دا و كەسێكی دیكە بریندار بوو.

لەوباریەوە دژەتیرۆری كوردستان ڕایگەیاند "ئۆتۆمبێلێكی جۆری جیپ لە نزیك سایلۆی كەلار لە لایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیاوە كرایە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار كەس كە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەكە بوون، كوژران و یەكێكی دیكەش لە سەرنشینەكان بریندار بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە".

"ئەو كەسانەی بەئامانجگیراون چەكدارانی پەكەكە بوون و لە لایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیاوە كراونەتە ئامانج"، دژەتیرۆر وی وت.