خانەنشینان: هەر شێوازێكی خەبات و هەوڵدانی شارستانی بۆ مافەكانمان دەگرینە بەر

19-06-2022 12:55
كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان لە هەولێر

پەرەگراف

خانەنشینان داوا دەكەن لە لیستی مووچە بخرێنەوە سەرەتا و مووچە نەدراوەكان و لێبڕینی لەسەدا 21ی مووچەكانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە، بە پێچەوانەوە "هەر شێوازێكی خەبات و هەوڵدانی شارستانییانە" بۆ گێڕانەوەی ئەو مافانە دەگرنە بەر.

یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەكی سەبارەت بە داواكارییەكانی خانەنشینان خستە ڕوو و تێیدا داوی كرد "بڕیارێك بۆ جێبەجێكردنی یاسای ژمارە نۆی ساڵی 2014ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربكرێت، كە یاساكە ساڵی 2015 بە واژووی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ ماوەیەك جێبەجێ‌ كرا و دواتر بە پاساوی قەیرانی دارایی ڕاگیرا".

هەردوو لقی یەكێتییەكە لە هەولێر و سلێمانی داوای گەڕاندنەوەی مووچە نەدراوەكانی خانەنشینان دەكەن لە ساڵی 2015وە تا ئێستا كە بریتین لە "مووچەی 20 مانگی تەواو".

هەروەها دەڵێن "گەڕاندنەوەی ئەو بڕە لێبڕین و بەناو خۆگونجاندنە نایاساییەی كە بڕی لەسەدا 21ی مووچەی خانەنشینان بوو، كاراكردنەوەی سندووقی خانەنشینی و دەستەبەركردنەوەی سەرمایەی چەندین ساڵی ڕابردووی لە ساڵانی نەوەدی سەدەی ڕابردوو تا ئێستا".

جەختیش دەكنەوە كە دەبێت لەمەودوا مووچەی خانەنشینان "مانگانە و بە میكانیزمێكی سەردەمییانە بێ‌ دواكەوتن" دابەش بكرێت و "لە ڕیزبەندیی مووچە دابەشكردندا خانەنشینان بخرێنەوە سەرەتا، وەكوو پێش ساڵی 2016".

لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانیان، خانەنشینان دەڵێن "هەر شێوازێكی دیكەی خەبات و هەوڵدانی شارستانییانە بۆ گێڕانەوەی ماف و شایستەكانمان بە كراوە و ڕەوا دەبینین لە ئایندەدە".