بە فەرمی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە سلێمانی ڕاگەیەندرا

19-06-2022 01:46

پەرەگراف

لە سلێمانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا ڕاگەیەندراو بەرپرسانی تەندروسی دۆخی لەناکاویان ڕاگەیاند بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پەتاکە.

ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "١٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا لە سلێمانی تۆمار کراوەو بەپێی پشکنین لە بەغداوە پشتڕاست کراوەتەوە".

ھاوکات سەباح ھەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، وتی "لە تاقیگەکانی خۆمان ٥٦ حاڵەتی کۆلێرا پشتڕاست کراوەتەوە".

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لە چەند ڕۆژی چوار ھەزار کەس بەھۆی سکچوون و ڕشانەوەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووەو چارەسەریان بۆکراوە.

"لەمەودوا ھەموو حاڵەتێکی سکچوون وەک کۆلێرا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین. وەزارەتی تەندروستی عێراق داوای لێکردووین دۆخی لەناکاو ڕابگەیەنین" سەباح ھەورامی وای وت.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، کۆلێرا نەخۆشییەکی ترسناکە، بەڵام چارەسەری ئاسانەو سەرچاوەکەیشی ئاویپیسە، وتیشی "داوا لە خەڵک دەکەین زۆر خۆیان بپارێزن و ئاوێک کە لێی دڵنیا نەبن بۆ خواردنەوەو ھیچ شتێک بەکاری نەھێنن".