كەریم عەلی: بەنزینە 800 دینارییەكە گرفتی كوالێتیی نییە، بەڵام گرەنتی نییە بەردەوام بێت

19-06-2022 07:04

پەرەگراف

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "ئەو بەنزینە 800 دینارییەی دابەش دەكرێت گرفتی كوالێتیی نییە، بەڵام گرەنتی نییە كە بەردەوام بێت".

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف، وتی "تێبینی و گلەیی هاووڵاتیانمان لەسەر كوالێتیی بەنزینە 800 دینارییەكە بەدەست گەیشتووە، بەدواداچوونمان بۆ كردووە و لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزاكان پشكنینی بۆ دەكرێت".

كەریم عەلی وتیشی "ئەمڕۆ خۆم سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی گەرمیانم كردووە و نموونەی پشكنینەكانم بینیوە، گرفتی تیا نەبووە. وەكوو ئەندامانی لیژنەی پیشەسازی و وزەیش هەوڵ دەدەین لە سبەینێوە لە سەرجەم ناوچەكان بە شێوەیەكی مەیدانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزاكان دەربچین بۆ پشكنینی بەنزینەكە".

ئەوەی لای سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی جێگای سەرنجە، ئەوەیە كە "گرێبەستی ئەم بەنزینە ڕوون نییە و گرەنتی نییە بەردەوام بێت، بۆیە ئەمە چارەسەر نییە بۆ كێشەی بەنزین".

كەریم عەلی بۆ پەرەگراف دەڵێت "ڕێگە دروستەكە ئەوەیە كە بەشی پێداویستیی ناوخۆیی نەوتی خاو بدرێت بە پاڵاوگەكانی هەرێم، بەو شێوەیە پێداویستیی ناوخۆ بە تەواوی پڕ بكرێتەوە، نەك ڕێژەیەك بۆ سلێمانی و ڕێژەیەك بۆ هەولێر و شوێنەكانی دیكە دیاری بكرێت".

سەبارەت بە گلەیی هاووڵاتیانیش لەو بەنزینە بازرگانییەی لە بەنزینخانەكان دەفرۆشرێت، كەریم عەلی ئاماژە بەوە دەكات كە "بەنزینە بارزگانییەكان یەك سەرچاوەیان نییە تا كۆنترۆڵ بكرێت"، بەڵكوو وەكوو ئەو دەڵێت "زۆربەی زۆری بە شێوەی ناڕەسمی و بە قاچاخ لە عێراقەوە دێت، شتێكیش بەو شێوازە بێت، ناتوانرێت پشكنینی بۆ بكرێت تەنیا لە وێستگەكاندا نەبێت".

لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی جەخت دەكاتەوە كە "هەر وێستگەیەك بەنزینەكەی گرفتی تێدا بێت، ناهێڵدرێت بەكار بهێنرێت و ڕێكار بەرانبەر بەنزینخانەكەش دەگیرێتە بەر".

كەریم عەلی باس لەوە دەكات كە بەشێك لە بەرپرسیارێتیی چارەسەری كێشەی كوالێتیی بەنزین دەكەوێتەوە سەر هاووڵاتیان، ئەویش بەوەی كە "بەنزینی هەر بەنزینخانەیەك كێشەی تێدا بوو، یەكە ئیدارییەكانی ناوچەكە، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكان یان لیژنەی پیشەسازی و وزە ئاگادار بكەنەوە، بە دڵنیاییەوە ڕێكار بەرانبەری دەگیرێتە بەر".