مالکی کشانەوەی سەدر بە دەرفەت دەزانێ و عامری سوودمەندترینە

20-06-2022 05:34

پەرەگراف

دەوڵەتی یاسای نوری مالکی کشانەوەکەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان بە دەرفەت دەزانێت بە مەبەستی هەنگاونان بۆ پێکهێنانی حکومەت، بۆئەوەش داوای بەپەلە پڕکردنەوەی شوێنی سەدرییەکان دەکات.

محەمەد سەهیود پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، بە واژۆی ٥٠ پەرلەمانتار داواکارییەکیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە مەبەستی سوێندخواردنی ئەندامانی نوێ و شوێنگرەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان.

ئەوە لەکاتێکدایە بەشێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بە دوودڵییەوە لە هەنگاونان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەڕوانن بەهۆی ئەو دۆخە نوێیەی، کشانەوەی سەدرییەکان هێناویەتییە ئاراوە.

ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی هەوڵی پاشگەزکردنەوەی سەدری داوە لە بڕیارەکەی، بەڵام هەوڵەکەی سەرکەوتوو نەبووە.

کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمانی عێراق و جێهێشتنی ٧٣ کورسیی کە بەدەنگی خەڵک لە هەڵبژاردندا بەدەستیانهێنا، هاوکێشەی سیاسیی و هێزو پێگەی لایەنەکان دەگۆڕێت.

لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگی هێناوەو سەکەوتوو نەبووە، دەبێتە شوێنگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکەی سەدر، هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری سوودمەندترین لایەن دەبێت لە کشانەوەیان و ١٢ کورسی سەدرییەکان پڕدەکاتەوەو پەرلەمانتارەکانی لە ١٧وە دەبنە ٢٩.

دوای فەتح، بزووتنەوەی ئیمتیداد و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان زۆرترین کورسیی سەدرییەکان پڕدەکەنەوەو هەریەکەیان ٧ کەسی دیکەیان دەبێتە پەرلەمانتار، دەوڵەتی یاسای نوری مالکیش ٤ کورسیی بەردەکەوێت و پەرلەمانتارەکانی لە ٣٣وە دەبنە ٣٧و کورسییەکانی دیکە بەر لیستەکانی دیکەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو دەکەون.