پارتی دەربارەی پێكهێنانی حكومەت وەڵامی چوارچێوەی هەماهەنگیی دایەوە و شاندنی ڕەوانەی بەغدا كرد

20-06-2022 09:31

پەرەگراف - فەرمان سادق

پارتی وەڵامی پەیامی چوارچێوەی هەماهەنگیی دایەوە و یەكەم شاندی لە دوای كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی ڕەوانەی بەغدا كرد بۆ گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەت.

شاندەكەی پارتی بە سەرۆكایەتیی فواد حوسێن و ئەندامێتیی هەریەك لە شاخەوان عەبدوڵڵا و بەنگین ڕێكانییە، چاوەڕوان دەكرێت ئەمشەو یان سبەینێ‌ دەست بە دیدار و گفتوگۆكانیان بكەن.

خدر مەنتك، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافـی وت "پێكهێنانی لیژنەی دانوستاندن مانای وایە پارتی دەیەوێت بەشداریی حكومەتی داهاتوو بكات، بۆیە دەیەوێت بزانێت چوارچێوەی هەماهەنگی بەنیازە چۆن مامەڵە لەگەڵ پشكی كورد لە حكومەتی داهاتوودا بكات".

بە قسەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی "دانیشتنەكانی سەرەتا، دانیشتنی بیروڕا گۆڕینەوە دەبێت و یەكێكیش لە پرسە هەرە سەرەكییەكان، بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بێت پەیوەست بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی چارەسەركردنی".

لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ، ڕەوتی سەدر و پارتی و سوننەكان، هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمانیان پێكهێنا و هەوڵەكانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكومەت خستە گەڕ، بەڵام لە دوو دانیشتنی پەرلەماندا شكستیان هێنا لە كۆكردنەوەی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار.

هەفتەی ڕابردوو، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بڕیاری كشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی دا و هەر 73 پەرلەمانتارەكەی كوتلەی سەدر دەستیان لە كار كێشایەوە، بەوەش هاوپەیمانییە سێقۆڵییەكەی سەدر، پارتی و سوننەكان هەڵوەشایەوە.

سەبارەت بە كێشەی پۆستی سەرۆككۆمار، خدر مەنتك، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، بۆ پەرەگراف دەڵێت "ئەگەر پارتی لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئەنجامێك بگات بۆ بەشداری لە حكومەت، ئەوا لەگەڵ یەكێتیش لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار كۆدەبێتەوە".

پارتی دژی كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵحە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار و وەكوو پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت، پاساویان ئەوەیە كە "بەرهەم ساڵح لەو ماوەیەی سەرۆككۆمار بووە، پۆستەكەی زیاتر بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكارهێناوە و نوێنەرایەتی میللەتی كوردی نەكردووە و هیچ دەسكەوتێكی بۆ كورد نەبووە".

پاش كشانەوەكەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، چوارچێوەی هەماهەنگی لە 16ـی ئەم مانگە دەستی بە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت كردەوە و ڕایگەیاند گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان دەكات.