بارزانی پەیامی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی نەناردووە و دەشیەوێت بەشداری حكومەتی عێراق بكات

21-06-2022 08:16

پەرەگراف

پارتی ڕەتی دەكاتەوە بارزانی هیچ پەیامێكی تایبەتی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی ناردبێت و یەكەم شاندی حیزبەكەش دوای كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، چوونە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەت.

عەرەفات كەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی، ڕایگەیاند "سەرۆك بارزانی هیچ پەیامێكی بۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نەناردووە، ئەو ھەواڵەی بڵاو كراوەتەوە درۆیە و بە تەواوی ڕەتی دەكەینەوە".

لای خۆیەوە خدر مەنتك، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافـی وت "لیژنەی دانوستاندنیان پێكهێناوە و لە ئێستادا لە بەغدان. ئەوەش مانای وایە پارتی دەیەوێت بەشداریی حكومەتی داهاتوو بكات".

خدر مەنتك وتیشی "دەیەوێت بزانێت چوارچێوەی هەماهەنگی بەنیازە چۆن مامەڵە لەگەڵ پشكی كورد لە حكومەتی داهاتوودا بكات".

بەپێی لێدوانی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی بۆ پەرەگراف "دانیشتنەكانی سەرەتا، دانیشتنی بیروڕا گۆڕینەوە دەبێت و یەكێكیش لە پرسە هەرە سەرەكییەكان، بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم بێت".

* پارتی دەربارەی پێكهێنانی حكومەت وەڵامی چوارچێوەی هەماهەنگیی دایەوە و شاندنی ڕەوانەی بەغدا كرد