ئیلهام ئەحمەد داوای تێكەڵكردنی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەكات لەگەڵ سوپاكەی ئەسەد

21-06-2022 08:32

پەرەگراف

هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات- باڵی سیاسیی هەسەدە، بە پێویستی دەزانێت ڕژێمی سووریا هەوڵ بدات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای كوردستان بگاتە ڕێككەوتن بۆ یەكخستنی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە سوپای نیشتمانیدا.

ئیلهام ئەحمەد، لە كۆبوونەوەیەكدا لە شاری ڕەقە ئەگەری یەكگرتنی ئەو دوو هێزە دەوروژێنێت و پێی وایە لەبری هێرشكردنە سەر یەكتر، باشترە باس لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی بكرێت و هەسەدە بە میكانیزمی گونجاو لەگەڵ سوپای سووریا تێكەڵ بكرێت.

ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوای كوردستان ئەوە بە چارەسەرێكی دروست دەزانێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا كە چەند ناوچەیەكی ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریایان كۆنترۆڵ كردووە.

هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كە لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)وە سەركردایەتی دەكرێت، لە پێكهاتە جیاوازەكانی سووریا پێكهاتووە و لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان و بە تایبەت ئەمریكاوە پشتگیری دەكرێت.

هەسەدە فەرمانڕەوایی ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەكات، لەو ناچانەدا كورد خۆبەڕێوەبەرێتییەكی ئیداریی دامەزراندووە و هەموو پێكهاتە جیاوازەكان تێیدا بەشدارن، بەڵام ڕژێمی سووریا دانی پێدا نەناوە و توركیاش دژایەتیی دەكات.