سەدان كەس بەهۆی زەمینلەرزەوە لە ئەفغانستان گیانیان لەدەست دا

22-06-2022 12:11

پەرەگراف

بەرەبەیانی ئەمڕۆ زەمینلەرزەیەكی بەهێز خەڵكی ئەفغانستانی بەخەبەر هێنا، هەندێك فریای هەڵاتن نەكەوتن و بوون بەژێر داروپەردووی خانووە لە قوڕ دروستكراوەكانیانەوە. بە فەرمی گیانلەدەستدانی 920 كەس لەلایەن حكومەتی ئەفغانستانەوە ڕاگەیەندراوە.

گوڕی زەمینلەرزەكە 6.1 پلەی ڕێختەر بووە. كاتژمێر 1:30 خولەكی بەرەبەیان ڕووی داوە و ناوەندەكەی بە دووری 44 كیلۆمەتر لە شاری خۆست لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بووە.

ویلایەتەكانی خۆست و پەكتیكا زۆرترین زیانیان پێ‌ گەیشتووە، بە جۆرێك بەپێی ئامارێك كە شەرەفەدین موسلیم، جێگری وەزیری دەوڵەت بۆ بەهاناوەچوونی كارەسات لە حكومەتی تاڵیبان ڕایگەیاند "920 كەس گیانیان لەدەست داوە و 610 كەسیش بریندار بوون". هەروەها دەیان خانوو خاپوور بوون كە هەندێكیان خاوەنەكانیشیان لەناویدا جێماون.

جگە لە ئەفغانستان، لە پاكستان و هیندستان و 500 كیلۆمەتر دەوروبەری ناوەندی زەمینلەرزەكە، هەست بە زەمینلەرزەكە كراوە.

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، لە تویتێكدا ڕایگەیاند كە كۆبوونەوەی بەپەلەی حكومەتی كاتیی ئەفغانستان لەسەر زەمینلەرزەكە و بۆ گەیاندنی هاوكاری بە زیانلێكەوتووان، بەڕێوە دەچێت.

ئەفغانستان یەكێك لەو وڵاتانەی لەسەر هێڵی زەمینلەرزەیە. بەپێی ڕاپۆرتی نووسنگەی كاروباری مرۆڤدۆستانەی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە حەوت هەزار كەس لەو وڵاتە بە زەمینلەرزە گیانیان لەدەست داوە، بەشێوەیەكی ناوەندییش ساڵانە 560 كەس بە زەمینلەرزە گیان لەدەست دەدەن.