بارزانی مەرجەکانی بۆ بەشداریی لە حکومەتی داهاتووی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی ڕاگەیاند

22-06-2022 02:21

پەرەگراف

مەسعود بارزانی بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە سێ مەرجی ڕاگەیاند بۆ بەشداریی لە حکومەتی داهاتووی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی کە داوای پابەندبوونی لایەنە عێراقییەکان دەکات بەو مەرجانەوە.

بەپێی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆیدا لەگەڵ ستيج پاولو بيراس باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق، مەسعود بارزانی "لەبارەی بەشداریی هەرێم لە حكوومەتی داهاتوو و پڕۆسەی سیاسیی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە مەرجەكانی هەرێم بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانی عێراقە بە هەرسێ پڕەنسیپی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان".

خستنەڕووی ئەو سێ مەرجە لە لایەن بارزانی بەناوی هەرێمی کوردستانەوە، لەکاتێکدایە پێشتر بارزانی هاوپەیمان بوو لەگەڵ سەدرو سوننەکان کە دروشمی سەرەکییان بۆ پێکهێنانی حکومەت "زۆرینەی نیشتیمانی" بوو کە بەردەوام سەدر تەئکیدی لێ دەکردەوە، ئەوەش بارزانی و هاوپەیمانییەکەی ڕوبەڕوی ڕەخنەی ئەوە کردبووەوە کە سازان و ڕێککەوتنی گشتگیر ڕەت دەکەنەوە.

لە دوای کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی، بارزانی سوورە لەسەر بەشداریی لە حکومەتی نوێی عێراق، بۆئەوەش یەكەم شاندی حیزبەكەی ناردووەتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پێكهێنانی حكومەت.

خدر مەنتك، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی وت "لیژنەی دانوستاندنیان پێكهێناوە و لە ئێستادا لە بەغدان. ئەوەش مانای وایە پارتی دەیەوێت بەشداریی حكومەتی داهاتوو بكات".

خدر مەنتك وتیشی "دەیەوێت بزانێت چوارچێوەی هەماهەنگی بەنیازە چۆن مامەڵە لەگەڵ پشكی كورد لە حكومەتی داهاتوودا بكات".

بەپێی لێدوانی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی "دانیشتنەكانی سەرەتا، دانیشتنی بیروڕا گۆڕینەوە دەبێت و یەكێكیش لە پرسە هەرە سەرەكییەكان، بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم بێت".