موقتەدا سەدر: کشانەوەمان بەھۆی ھەڕەشەی ئێرانەوە نەبووە

22-06-2022 02:50

پەرەگراف

موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە درۆن کە گوایە کشانەوەیان لە پەرلەمان بەھۆی ھەڕەشەی ئێرانەوە بووبێت.

سەدر لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "ئەمجارە ئێران فشاری لە هیچ حیزبێکی شیعە نەکردووە"، بەڵام ئەوانەی بە باڵی ئێران دەناسرێن "فشار دەخەنەسەر دادگای عێراقی و هەوڵدەدەن ملکەچی بکەن، هەروەها هەوڵدەدەن فشار بخەنەسەر فراکسیۆنەکانی دیکە لەوانەش سەربەخۆکان و فراکسیۆنە ناشیعەکان بەتایبەت کە سبەینێ دانیشتنی پەرلەمانی عێراقە".

بڕیارە لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراقدا شوێنی ٧٣ پەرلەمانتارەکەی ڕەوتی سەدر پڕبکرێنەوە کە دەستیان لەکار کێشایەوە.

کشانەوەی سەدرییەکان هاوکێشەی سیاسیی و هێزو پێگەی لایەنەکان دەگۆڕێت، لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگی هێناوەو سەکەوتوو نەبووە، دەبێتە شوێنگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکەی سەدر.

هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری سوودمەندترین لایەن دەبێت لە کشانەوەیان و ١٢ کورسی سەدرییەکان پڕدەکاتەوەو پەرلەمانتارەکانی لە ١٧وە دەبنە ٢٩.

دوای فەتح، بزووتنەوەی ئیمتیداد و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان زۆرترین کورسیی سەدرییەکان پڕدەکەنەوەو هەریەکەیان ٧ کەسی دیکەیان دەبێتە پەرلەمانتار، دەوڵەتی یاسای نوری مالکیش ٤ کورسیی بەردەکەوێت و پەرلەمانتارەکانی لە ٣٣وە دەبنە ٣٧و کورسییەکانی دیکە بەر لیستەکانی دیکەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو دەکەون.