بەهۆی لێدوان بۆ میدیاكان، شێروان شێروانی لە زیندان سزا دراوە

23-06-2022 05:25

پەرەگراف

بەهۆی لێدوانی بۆ میدیاكان، شێروان شێروانی، ڕۆژنامەنووسی سزادراوی بادینان، سزا دراوە و بەڵێننامەیشی پێ‌ واژوو كراوە كە قسە بۆ میدیا نەكات، بەڵام ئەو بە مەرج واژووی كردووە. لە دواپەیوەندیدا بە كەسوكاری وتووە "نیگەران مەبن، چیتر ناتوانم تەلەفۆنتان بۆ بكەم".

بارزان شێروانی، برای ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ شێراون بانگكراوە بۆ ئیدارەی چاكسازی گەوران و پێیان وتووە دەبێت بێدەنگ بیت و لێدوان بۆ میدیاكان نەدەیت".

بە قسەی بارزانی شێروانی، "بە نەرمی پێیان وتووە بەڵێننامە پڕ بكەرەوە كە چیتر لێدوان بۆ هیچ كەسێك نەدەیت، ئەویش وتوویەتی: ڕازی دەبم بەڵام بە مەرجێك كە لەناو زیندان هیچ گوشار و بێڕێزی و كەموكووڕییەك بەرانبەرمان نەبێت، ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، بێگومان لێدوان دەدەم. ئەوانیش بەوە ڕازی بوون".

"شێروان لەژێر بەڵێنامەكەدا ئەو مەرجەی خۆی نووسیوە و ئینجا واژووی كردووە. بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ناو قاعەی زیندان، مۆبایلەكەی داخراوە، هەر ئەمڕۆیش قاعەكەیان گۆڕیوە و لای سزاداوانی دیكەی بادینان نەیانهێشتووە و بردوویانەتە قاعەیەكی دیكە"، براكەی شێروان وای وت.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، شێروان شێروانی "ئەم بەیانییە دواپەیوەندیی بە كەسوكاریەوە كردووە و وتوویەتی: نیگەران مەبن ئیتر ناتوانم تەلەفۆنتان بۆ بكەم، لەبەر ئەو دەنگەی لە میدیا بڵاوم كردووەتەوە، 10 بۆ 15 ڕۆژ سزا دراوم".

ڕووگەش عیززەدین، هاوسەری شێروان شێروانی، بە پەرەگرافی وت "پێشتر ڕۆژانە دوو بۆ سێجار قسەمان دەكرد، بەڵام ئێستا سزا دراوە بەوەی بۆ ماوەیەك تەلەفۆن نەكات".

هاوسەری شێروان شێروانی نیگەرانە لەوەی كە بەهۆی لێدوانەكانیەوە شێروان سزا دەدرێت و دەڵێت "من ڕۆژ دەژمێرم بۆ ئەوەی ئەم شەش مانگە زیندایكردنەی كە ماویەتی، تەواو ببێت، بەڵام ئەو دەڵێت: من دەردەدڵی خۆم كردووە و ڕاستییەكانم وتووە".

سەبارەت بە بارودۆخی شێروان لە زیندان، ڕووگەش عیززەدین بە پەرەگرافی وت "شوێنەكەیان باشە و تەنانەت لە كاتی سەردانكردنمان ئێمە دەمانگوت هەولێر زۆر گەرمە، ئەو دەیوت: ئێمە شوێنمان باشە و خواردنمان باشە".

"ئەگەر ئەو 42 ڕۆژە زیندانییەی بۆ حیساب بكەن كە لە ساڵی 2019دا زیندانی كرا، لە ناوەڕاستی مانگی 11ی ئەمساڵ شێروان ئازاد دەبێت"، هاوسەرەكەی وای وت.