واژوو بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كۆكرایەوە

23-06-2022 11:10

پەرەگراف

هاوكات لەگەڵ سوێندخواردنی پەرلەمانتارە نوێیەكانی پەرلەمانی عێراق، واژوو بۆ دیاريكردنی وادەی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كۆكرایەوە. پێنج لە كورسییەكانی سەدر بەر بزووتنەوەی حقوق كەوتووە كە خۆی یەك كورسیی هەیە و ئەمشەو هاوشێوەی سەدرییەكان كشانەوەی ڕاگەیاند.

كوتلەی بابلیۆنی پێكهاتەی مەسیحی، ئەمڕۆ واژووی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كۆكردەوە و ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیش واژوويان لەسەر داواكارییەكە كردووە.

ئەمە لە كاتێكدایە پارتی و یەكێتی دوای ململانێكانی ماوەی ڕابردوو لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار و گەڕانەوەیان بۆ دانوستان لەم دواییانەدا، تا ئێستایش هیچ گفتوگۆ و ڕێككەوتنێكیان لەوبارەیەوە نەكردووە و گفتوگۆكانیان تەنیا لەبارەی ناوخۆی هەرێمەوە بووە.

هەر ئەمڕۆ لە دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمانی عێراقدا، پەرلەمانتارە شوێنگرەوەكانی پەرلەمانتارانی دەستلەكاركێشاوەی فراكسیۆنەكەی موقتەدا سەدر سوێندی یاساییان خوارد.

هەردوو هاوپەیمانەكەی موقتەدا سەدر كە پارتی و سوننەكانن، لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوون.

لە كۆی ٧٣ كورسیی بەتاڵی سەدرییەكان لە پەرلەمانی عێراق، ٦٤ كاندیدی شوێنگرەوە سوێندی یاساییان خوارد و بوون بە پەرلەمانتار، نۆ كاندیدی دیكەی شوێنگرەوە ئامادە نەبوون و كورسییەكانیان بە بەتاڵی ماونەتەوە تا كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان.

لەو نۆ كورسییەی كە ماون، پێنج كورسییان بۆ بزووتنەوەی حقوق ڕۆیشتووە، كە خۆی لە هەڵبژاردنەكاندا تەنیا یەك كورسیی بەدەست هێناوە.

ئەندازیار حسێن مونیس، سكرتێری گشتیی بزووتنەوەی حقوق كە باڵی سیاسی كەتیبەكانی حیزبوڵڵایە، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "بڕیاری كشانەوەمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران داوە و لەگەڵ پڕنەكردنەوەی كورسییە دەستلەكاركێشاوەكان، چونكە نامانەوێت ببینە جێگرەوەی برایانی ناو ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان".

سكرتێری بزووتنەوەی حقوق وتیشی "سەرەڕای كشانەوەمان، ئێمە جەخت لەسەر پێویستیی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی بەهێز دەكەینەوە كە لەم قۆناغەدا توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی هەبێت".