توركیا كوژرانی بەرپرسێكی باڵای پەكەكەی ڕاگەیاند

24-06-2022 03:23

پەرەگراف

میدیای فەرمیی توركیا، كوژرانی بەرپرسێكی باڵای پەكەكەی لە ئۆپەراسیۆنەكەی میت لە كەلار ڕاگەیاند و دەڵێت "لە ساڵی 1992ـەوە پەیوەندیی بە پەكەكەوە كردووە و چەندین بەرپرسیارێتیی هەستیار و گرنگی هەبووە". پەكەكە هیچ كاردانەوەیەكی لەوبارەیەوە نیشنان نەداوە

میدیا فەرمییەكانی توركیا بڵاویان كردەوە "دەلال عەزیزئۆغڵوو ناسراو بە هەڤاڵ (ڕاپەڕین)، بەرپرسی باڵای پەكەكە، لە ئۆپەراسیۆنێكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی توركیا (MiT)دا كوژراوە".

بەپێی زانیارییە بڵاوكراوەكان، هەڤاڵ ڕاپەڕین لەو ئۆتۆمبێلەدا بووە كە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە لە گوندێكی كەلار لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیاوە كرایە ئامانج و تێیدا بەرپرسێكی باڵای ڕۆژئاوی كوردستان كوژرا.

میدیای فەرمیی توركیا دەڵێت "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەكانەوە دەستكەوتوون، زانراوە كە دەلال عەزیزئۆغڵو كە ناوی نهێنیی ڕاپەڕینە، لەسەر ئەو ڕێنماییەی لە قەندیلەوە پێی گەیشتووە چووەتە سلێمانی. دوای ئەوەی شوێنەكەی دەستنیشان كراوە، لە ئۆپەراسۆنێكی میتدا لە چالاكی خرا".

ڕۆژی 17-6-2022، لە گوندی بەرلووت لە قەزای كەلار، ئۆتۆمبێلێك لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیاوە كرایە ئامانج، تێیدا چوار كەس گیانیان لەدەست دا و كەسێكی دیكە بریندار بوو.

ڕۆژی دواتر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان)، ڕایگەیاند "لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیاوە كرایە ئامانج، كە بووە هۆی شەهیدبوونی بەڕێز فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆكانی ئەنجومەنی جێبەجێكاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا".

زانیاری لەسەر هەڤاڵ ڕاپەڕین بەپێی میدیای توركیا:

- دەلال عەزیزئۆغڵوو لە ساڵی ١٩٩٢ پەیوەندیی بە پەكەكەوە كردووە

- بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە گوندەوارەكانی دیاربەكر بەشداریی لە چالاكییە چەكدارییەكاندا كردووە.

- لە ئەورووپا بەشداریی لە ڕێكخستنەوەی پەكەكەدا كردووە.

- لە ساڵی ٢٠٠١دا لە كۆبوونەوەی گشتیی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە برۆكسڵی پایتەختی بەلجیكا، وەك ئەندامی ئەنجوومەن و دەستەی كارگێڕی هەڵبژێردراوە.

- لە ساڵی ٢٠١٣ وەك ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری كەجەكە هەڵبژێردراوە.

- دواتر بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتیی كۆنگرەی گەل.

- بەڕێوەبەری ژنانی پەكەكە (PAJK) بووە و ماوەیەك لە سووریا بووە.