دكتۆر گۆران عەبدوڵڵا: بەرپرسانی تەندروستی دەبێت دادگایی بكرێن، كەچی وەك فریادڕەس خۆیان نیشان دەدەن

26-06-2022 01:14

پەرەگراف - هەردی عوسمان

دكتۆر گۆران عەبدوڵڵا، شارەزا لە سیستەمی تەندروستیی نێودەوڵەتی، دەڵێت "بڵاوبوونەوەی كۆلێرا پەیوەستە بە بوونی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان، چونكە بەرپرسانی تەندروستی بە هاوكاریی بەرپرسانی سیاسی، خەریكی قاچاخچێتیی دەرمان و بازرگانیی ئامێری پزیشكی و نەخۆشخانەی تایبەتن، ئاگایان لە تەندروستیی خەڵك و تەندروستیی گشتی نەماوە".

دكتۆر گۆران عەبدوڵڵا، شارەزا لە سیستەمی تەندروستیی نێودەوڵەتی، لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا لەگەڵ پەرەگراف دەشڵێت "لە وڵاتێكدا ئەگەر كەمێك دیموكراسی و چاودێری بەسەر دەسەڵاتەكانەوە هەبێت، ئەم جۆرە بەرپرسانە كە كارەكانیان پشتگوێ‌ خستووە و تێوەگلاون بە گەندەڵی، دەبێت لابدرێن و دادگایی بكرێن، بەڵام ئەوەتا دەبینین نەك ئەوەیان لەگەڵ ناكرێت، بەڵكو خۆیان وەك فریادڕەسێك بۆ خەڵكی نیشان دەدەن".

لە ماوەی ڕابردوودا نەخۆشیی كۆلێرا لە هەرێمی كوردستان بڵاو بووەوە و بەهۆیەوە هەزاران كەس تووشی سكچوون و ڕشانەوە بوون و ژمارەیەكیش گیانیان لەدەست دا، وەكوو دكتۆر گۆران عەبدوڵڵا باسی دەكات "ئەم جۆرە نەخۆشییانە تەنیا لە وڵاتە دواكەتووەكانی وەك: هایتی، كامیرۆن، نەیجیریا، سۆماڵ، سودان و چەند وڵاتێكی تر ماون، بەڵام بەداخەوە هەرێمی كوردستانیش هاتووەتە ڕیزبەندیی ئەو وڵاتە دواكەوتووانەوە".

"لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا كە خزمەتگوزاریی ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییە تەندروستییە گشتییەكان و خۆپارێزی لە ئاستێكی باڵادایە، ئەم جۆرە نەخۆشییانە نەك هەر بڵاو نابێتەوە، بەڵكو بە تەواوەتی بنەبڕ كراوە"، دكتۆر گۆران بۆ پەرەگراف وا دەڵێت.

ئەو شارەزای سیستەمی تەندروستیی نیودەوڵەتییە پێی وایە جگە لە پیسبوونی سەرچاوەی ئاو، هاوكات "بارودۆخی خراپی سیاسی، ئابووری و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە هەموو سێكتەرەكاندا بەتایبەت كەرتی تەندروستی، هۆكارن بۆ بڵاوبوونەوەی كۆلێرا".

ئەو دكتۆرە ئاماژە بەوەش دەكات كە چەند جارێك هۆشداریی لەبارەی پاكژنەبووونی سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی داوە و دەڵێت "دەبێت دەریاچەی دوكان بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكرێت، كاتێك گەشتیارێكی زۆر ڕوو لەو هاوینەهەوارە دەكات، دەیان سەرچاوەی پیس و پاشەڕۆ تێكەڵ بەو ئاوە دەكرێت".

سەبارەت بە چارەسەری نەخۆشیی كۆلێرایش، دكتۆر گۆران جەخت دەكاتەوە كە دەبێت "پلانێكی تۆكمەی نیشتمانیی هەمەلایەنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەبێت. پێویستە دەزگا تەندروستییەكان بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و هەرچی توانا هەیە بخرێتەگەڕ بۆ ئەوەی كەمترین هاووڵاتی گیان لەدەست بدات. دەبێت هەموو توانایەكی بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی بخرێتە گەڕ كە ئاوی سلێمانی پاكژ بكرێتەوە، ئیتر داخستی چەند چێشتخانەیەك و تێكدان و وێرانكردنی كۆمەڵێ كێڵگەی سەوزەی هاووڵاتیان، هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕی".