سلێمانی؛ لە شەش مانگدا 240 تۆمەتبار بە دەیان كیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر كراون

26-06-2022 03:38

پەرەگراف

لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 240 تۆمەتباری بازرگانی و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر كراون، 18 فەردەی 50 كیلۆیی حەپی ترامادۆڵ و دەیان كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەمڕۆ 26ی حوزەیران لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان ناسێنراوە. یاسین سەمیع، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی، ئاماری شەش مانگی ڕابردووی چالاكییەكانی خستە ڕوو و ڕایگەیاند "67 كەس بە تۆمەتی بازرگانی و هێنانی ماددەی هۆشبەر و 173 كەس بە تۆمەتی بەكارهێنانی ئەو ماددانە دەستگیر كراون".

زۆرترین ماددەی هۆشبەر كە دەستی بەسەردا گیراوە شیشە بووە، كە بڕەكەی 65 كیلۆ گرام بووە، هەروەها حەوت كیلۆ حەشەیش، پێنج كیلۆ هێرۆین، چوار كیلۆ تلیاك، 25 گرام توتنی زەرد و هەشت گرام توتنی سەوز دەستیان بەسەردا گیراوە. جگە لەوەش 18 فەردەی 50 كیلۆیی و چوار كارتۆن حەپی ترامادۆڵ دەستیی بەسەردا گیراوە.

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت "ماددەی هۆشبەر لەناو كوردستاندا بەرهەم ناهێنرێت و بەراورد بە ساڵی پاریش ئاماری دەستگیركردنی تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەر كەمترە".