نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لایەنە عێراقییەکان: لەگەڵئەوەدا نین ھەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە

26-06-2022 10:49
جیاكردنەوەی دەستیی وێستگەیەكی دەنگدان لە سلێمانی/10-10-2021. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

نەتەوەیەکگرتووەکان لایەنە عێراقییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە لەگەڵ دووبارە ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردندا نین.

سەرچاوەیەکی باڵای کورد لە بەغداد بە پەرەگرافی وت "نەتەوەیەکگرتووەکان پەیامی ڕوونی بە سەرجەم لایەنە عێراقییەکان داوە کە ئەوان پارەیەکی زۆریان لە ھەڵبژاردنەکەی ١٠ی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا خەرج کردووەو ئێستا لەگەڵ ئەوەدا نین ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوەو ناتوانن ھاوکاریی پێویست لەو ڕووەوە پێشکەش بکەن".

سەرچاوەکە وتیشی "نەتەوەیەکگرتووەکان پێیوانییە دووبارە کردنەوەی ھەڵبژاردن گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بھێنێتەئاراوە".

ئەو پەیامە لەکاتێکدایە بەھۆی ململانێی نێو ماڵی شیعە بەتایبەت لە دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی، ئەودەنگانە لە زیادبووندان کە داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردن دەکەن و بەشێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی لەنێویاندا؛عەسائیبی ئەھلی ھەق و ڕەوتی حیکمەو ھاوپەیمانی نەسر بە فەرمیی ئەو داوایەیان ڕاگەیاندووە.

زیاتر لە ٨ مانگە ھەڵبژاردن ئەنجام دراوەو ھێشتا پڕۆسەی پێکھێنانی حکومەت ئاسۆیەکی ڕوونی لەبەردەمدا نییە، براوەی یەکەمیھەڵبژاردن کە سەدر بوو بە بەدەستھێنانی ٧٣ کورسیی بەوھۆی ئەو ئاستەنگانەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی-بە بەرەی نزیک لەئێران ناسراون- بۆیان دروست کرد، نەیتوانی لەگەڵ پارتی و سوننەکان حکومەت پێکبھێنێ و بەوھۆیەوە لە پەرلەمان کشایەوە.