مەسرور بارزانی: ئەو ترسنۆکانەی لە پشت هێرشەکانن دەنگی ڕای گشتییان لە عێراقدا لەدەست داوە
پەرەگراف
مەسرور بارزانی داوای خۆڕاگریی لە خەڵک دەکات لە بەرامبەر ئەو ھێرشانەی دەکرێنەسەر ژێرخانی ئابوریی کوردستان و دەڵێت: ئەوترسنۆکانەی لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکانن بۆسەر کەرتی نەوت و گازی ھەرێم بۆیە پەنا بۆ ئەم تاوانکارییە دەبەن، چونکە دەنگی ڕای گشتییان لە عێراقدا لەدەست داوە.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە پەیامێکدا ئەوەدەخاتەڕوو، لەگەڵ مستەفا کازمی و برێت مەکگۆرک و دۆستەکانی کورد لە دەرەوە قسەیکردووە، دەشڵێت "وهزیرانی كاروباری پێشمهرگه و ناوخۆم ڕاسپاردووە ههموو رێكارێكی پێویست بگرنهبهر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی ودامهزراوهكانی نهوت و گاز. لە چوارچێوەی پلانەکەدا، رێککەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێکاریزیاتر دەگرینەبەر".
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی
وەک هاونیشتمانییانی سەرتاسەری کوردستان، زۆر نیگەرانم لە دووبارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی گشتیکوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا. ئەو ترسنۆکانەی لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکانن بۆیە پەنا بۆ ئەم تاوانکارییە دەبەن، چونکە دەنگیڕای گشتییان لە عێراقدا لەدەست داوە. لەجیاتی ئەوەی بیر لە داهاتوو بکەنەوە و کار بۆ گەشەسەندنی ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان بکەن، گرووپە لە یاسادەرچووەکان، گوندەکانمان مووشەکباران دەکەن وخەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج.
من لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ هاوبەشە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها دۆستەکانمان لەدەرەوەی وڵات قسەم کردووە. لە پەیوەندییەكەمدا لەگەڵ بەڕێز مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ، جەختم لەسەر پێویستیی و گرنگییپێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردەوە بۆ پڕكردنەوەی هەر بۆشایییەك كە لە ناوچە جێناكۆكەكانداهەبێت كە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بەكاری دەهێنن بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەموو عێراق. من بۆ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵم ڕوونکردەوە کە هێرشەکان، مەترسی لەسەر سەقامگیری و دۆخی وەبەرهێنان لە عێراق بە گشتی دروست دەکەن و داوام لێکردووە ڕێکاری جیدیو کرداری بگرێتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گرووپانە.
ههروهها بەڕێزان وهزیرانی كاروباری پێشمهرگه و ناوخۆم ڕاسپاردووە ههموو رێكارێكی پێویست بگرنهبهر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی ودامهزراوهكانی نهوت و گاز. لە چوارچێوەی پلانەکەدا، رێککەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێکاریزیاتر دەگرینەبەر.
شەوی ڕابردووش لەگەڵ بەڕێز برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا قسەم کرد. هاوڕێئەمریکییەکانمان و هەموو وەبەرهێنەرێک، دەبێت پابەندی بنوێنن؛ ناتوانین مل بۆ ترس و تۆقاندن بدەین. له چهند ڕۆژی داهاتوودا، داوا لهدۆست و هاوبهشه نێودهوڵهتییهكانمان دهكهم و ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتیش پێویستە لە پەیوەندی و ههوڵهكانیان لهگهڵ ههولێر و بهغدابەردەوام بن بۆ ئەوەی بەیەکەوە، ڕێگە له هێرشی تیرۆریستی زیاتر بگرین.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز و سەرجەم ژێرخانی گشتی دەڕوانێت و بەرگریشی لێدەکات. زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێین، هێرشکردنە سەر هەر شوێنێک لە کوردستان، هێرشکردنە بۆ سەر هەموو کوردستان و خەڵکی کوردستان بەگشتی.
داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم کە ئیرادەیان بەهێز بێت. ئەمە هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر ژێرخانی ئێمە و بەشێکە لە هەوڵێکی تێکدەرانە بۆوەستاندنی ئێمە لە پلانە ستراتیجییەکان و کارنامەی چاکسازیمان. بەڵام دلنیابن وەک هەمیشە خۆڕاگر دەبین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
26ی حوزەیرانی 2022