كۆمپانیای دانەگاز كاركردنی لە پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر ڕاگرت

27-06-2022 01:44
بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەھۆی ھێرشە مووشەکییەکەی ڕۆژی ھەینی ٢٤-٦-٢٠٢٢

پەرەگراف

كۆمپانیای دانەگاز كاركردنی لە پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر ڕاگرت، بەڵام دەڵێت "بەرهەمهێنانی گازی سروشتی بەردەوامە و حكومەتی هەرێم هێزی زیاتری بۆ پاراستنی كێڵگە و دامەزراوەكان هێناوە".

كۆمپانیای دانەگاز ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە دوو هێرشەكەی ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیی ڕابردوو بۆ سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر بڵاو كردەوە و دەڵێت "دوو مووشەك لە كێڵگەی كۆرمۆر كەوتنە خوارەوە، هێرشەكان هیچ زیانێكیان نەبوو و كەس بریندار نەبوو".

كۆمپانیاكە ئاشكرای كردووە كە "كاركردن لە پڕۆژەی فراوانكردنی كۆرمۆر (كەی ئێم 250) بە شێوەیەكی كاتی ڕاگیراوە و باری ئەمنی لە كێڵگەكە توندووتۆڵتر دەكرێت"، بەڵام جەخت دەكاتەوە كە "چالاكییەكانی تایبەت بە بەرهەمهێنان بەشێوەیەكی ئاسایی بەردەوامن".

بەپێی ڕاگەیەندراوی دانەگاز، حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق "پاڵپشتیی بەهێزیی خۆیان دەربڕیوە" و حكومەتی هەرێم "هەموو ڕێكارێكی گرتووەتەربەر بۆ زیادكردنی ڕێكارە ئەمنییەكان لە كۆرمۆر، لەوانەش هێنانی هێزی سەربازیی زیاتر بۆ پاراستنی كێڵگە و دامەزراوەكان".

ڕۆژانی 22 و 24 و 25ی ئەم مانگە سێ‌ هێرشی مووشەكی كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ كە لەلایەن كۆمپانیای دانەگازەوە كاری بەرهەمهێنانی تێدا دەكرێت.