موقتەدا سەدر هێرشی تووند دەکاتەسەر بەرهەم ساڵح

28-06-2022 01:29

پەرەگراف

موقتەدا سەدر هێرشی تووند دەکاتەسەر بەرهەم ساڵح بەهۆی "واژۆنەکردنی" یاسای بە تاوان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا داوای لێبوردن دەکات لە کاندیدیکردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە پێشوو و ئایندەداو دەڵێت "زۆر زۆر جێگای شەرمە.. ئەوەی بە سەرۆککۆماری عێراق ناودەهێنرێت (بەرهەم) ئیمزا لەسەر یاسای (بەتاوان ناساندنی ئاساییکردنەوە) ناکات". 

"من بێبەریم لەو تاوانەی لە بەردەم خودا و گەلی عێراقدا. داوای لێبوردن دەکەم لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە پێشوود و لە ئایندەشدا" سەدر وادەڵێت.

ئەو یاسایە ڕەوتى سەدر ئامادەى کردو لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا بۆ بە تاوانكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، بەپێی یاساکە توندترین سزا كە "لەسێدارەدان و زیندانیکردنی هەتاهەتایی"ـە، بەسەر هەر كەسێكدا دەسەپێندرێت كە پەیوەندی لەگەڵ "قەوارەی ئیسرائیل" دروست بكات. 

یاساکە هەر جۆرە پەیوەندییەك لەگەڵ ئیسرائیل و باڵیۆزخانە و دامودەزگا و ڕێكخراو و كەسێكی سەر بەو وڵاتە لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراقیش قەدەغە دەكات.

دوای ئەو هەڵوێستەی سەدر، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار بەبێ ئەوەی باس لە واژۆکردنی یاساکە بکات لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە، ڕایگەیاند "بەرهەم ساڵح فەرمانی کرد کە ئەم یاسایە بەو شێوازەی نێردراوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەبێ هیچ تێبینییەک پەسەند بکرێت و لە رۆژنامەی عێراقی بڵاو بکرێتەوە لە 20ی حوزەیرانی 2022دا".

"ھەر لەم سۆنگەیەوە جەختدەکەینه که د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق وەک ناسراوه و وەک ھەمیشە پشتیوانی له پرسی فەڵەستین دەکات و لەگەڵ جێبەجێکردنی تەواوی مافە رەواکانی گەلی فەلەستین و رزگارکردنی فەلەستینە لە داگیرکەرانی ئیسرائیل، ھەروەھا ھەموو جارێک لە بۆنە نیشتمانی و نێودەوڵەتی و کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی دووپاتکردووەتەوە" وتەبێژەکەی سەرۆکایەتی کۆمار وادەڵێت.